وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

لە بەندیخانەوە بۆ بەندیخانە!

دۆخی پەنابەرانی كورد لەناو مشتومڕە سیاسیەكاندا

ژیان: هەژار تەها

ڕەنگە بڕیاری گواستنەوەی پەنابەرانی نەخۆش لە دوورگەكانی مانوسی پاپانیوگینیا و ناورۆوە بۆ ئوسترالیا لەلایەن ئەنجومەنی (سیناتی ئوسترالیا)ەوە لەدژی ویستی حكومەت،  بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی زۆرترین مشتومڕی سیاسی و میدیایی بەمدوایانە بەدوای خۆیدا هێنابێت. 

 ئەو پەنابەرانە كە بەشێكیان بەڕەگەز كوردن ، ئەو كەسانەن كە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكەن بەڵام دەستگیركراون و ڕەوانەی ئەو كەمپانە كراون و هەرگیز ئوسترالیا مافی پەنابەرێتیان پێنابەخشێت.

 بۆیە لەپاش بڕیاری گواستنەوەیان هیوایەكیان بۆدروست بوو كە بتوانن لەو دوو دوورگەیە ڕزگاریان بێت كە ماوەی چەندین ساڵە لەدۆخێكی مرۆیی خراپدا لەوێ‌ دەژین. بەڵام هەر زوو ئەو هیوایە كۆتایی پێهات كاتێك سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا بڕیاریدا بە كردنەوەی كەمپەكانی دوورگەی كریسمس بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو پەنابەرانە. 

 سەرباری ئەوەی كردنەوەی كەمپەكان لەو دوورگەیەش نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند ئەوان كۆتاییان هێناوە بە كۆچی قاچاخی دەریایی و هەر پەنابەرێك بیەوێت بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكات دەستگیردەكرێت و ڕەوانەی ووڵاتی خۆی دەكرێتەوە یان ڕەوانەی ئەو ووڵاتە دەكرێتەوە كە هەوڵی داوە لێوەی بچێت بۆ ئوسترالیا. بۆیە بە گوێرەی پلانەكەی حكومەت، ئەو پەنابەرانە  نەخۆشانە دەتوانن بە ویستی خۆیان لە دوورگەی كریسمس بمێننەوە بەڵام ناتوانن بگەنە خاكی سەرەكی ئوسترالیا، ئەوەش بۆئەوەیە كە هەرگیز كەسی تر بیر لە كۆچی قاچاخی بەلەم نەكاتەوە بۆ ئوسترالیا چونكە ئەگەر بیانەوێت "یاری" بە سیسەتەمەكە بكەن و بیانەوێت بە شێوەیەكی تر بگەنە ئوسترالیا، ئەوا ناتوانن. 

 سیاسەتە توندەكانی ئوسترالیا لەبەرامبەر پەنابەرانی بەلەمی قاچاخ جێگەی نیگەرانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكارە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیش، كە سەرجەمیان ئەو كەمپانە بە بەندیخانە دادەنێن. 

 بۆیە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو سیاسەتەدا، ڕەنگە گواستنەوەی پەنابەران لەو دوو دوورگەیەوە بۆ دوورگەی كریسمس هەر گواستنەوە بێت لە "بەندیخانەیەكەوە" بۆ " بەندیخانەیەكی تر".




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە