وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری بازرگانی سعودییە کۆبوونەوە

بەرهەم ساڵح: عێراق کار دەکات بۆ پێکھێنانی سیستەمێکی بازرگانی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات
دیداری ئەمڕۆی سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی سعودیە

ژیان:

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق کار دەکات لە بواری ئابووری و پەرەپێدانی بازرگانی بەرووی عەرەبستانی سعودیە بە تایبەتی لەبوارەکانی وەبەرھێنان و بازرگانی و پیشەسازی و کشوکاڵ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-3-2019 بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام چاوی کەوت بە ماجد قەسەبی، وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنانی عەرەبستانی سعودی و شاندی یاوەری.

لە میانی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەگرنگی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان عێراق و عەرەبستانی سعودی و چۆنیەتی پەرەپێدانیان کرد، ھاوکات تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی عێراق بۆ پێکھێنانی سیستەمێکی بازرگانی ھاوبەش لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە.

جەختیشی کردەوە، ئەو هەوڵانە ھۆکارێکیش دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکەدا بەگشتی.

هاوکات وەزیری بازرگانی سعودییە ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری ئابووری و کار ئاسانکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وئابووری لە ڕێگای کاراکردن وەگەڕخستنی خاڵە سنورییەکان بۆ بەھێزکردنی جوڵەی بازرگانی لە نێوان ھەردو ووڵاتدا.

جێی ئاماژە بۆکردنە، ھەر یەک لە محەمەد ھاشم عانی وەزیری بازرگانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت ئامادەی دیدارەکە بوون.