وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

ژیان ململانێی لقی 21 پارتی ئاشكرا دەكات

ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكرد
پارتی دیموكراتی كوردستان

ژیان: تایبەت
لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئالان حەمە سەعید، وەك بەرپرسی لقی 21ی دەوروبەری سلێمانی كێشە دەكەوێتە نێوان بەرپرسی لق و لێپرسراوی بەشەكانی ئەو لقە.

دوای ئەوەی بەپشتگیری مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی ئالان حەمە سەعید وەك بەرپرسی لقی 21ی دەوروبەری سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستنیشانكرا ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكرد.

ژیان زانیویەتی، ناڕەزایەتیەكان لەسەر شێوازی دانان و پشتگیریكردنی ئالان لەلایەن خودی مەسرور بارزانی دروستبووە، كە پێشتریش بەپشتگیری پاراستن چەندین پلەی حزبی بەشێوەیەكی خێرا بینیوون.

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ژیان ئاشكرای كرد كەلە ئێستادا زۆربەی ستاف و لێپرسراوانی لقی 21ی دەوروبەری سلێمانی كەپێشتر پلەیان لە ئالان بەرزتربووە نیگەرانن لە هەڵسوكەوتی ئالان، بەجۆرێك لەناوستافی بەڕێوەبردنی لق تەنها هاوار سالح مەنسور، بەرپری ئیدارەی لق پشتیوانی دەكات.

هەریەك لە شێخ ستار، بەرپرسی مەكتەبی لق شێخ فاتیح، بەرپرسی مەكتەبی جەماوەریەكان قادر مەولود، بەرپرسی مەكتەبی دارایی رزگار سارتكەیی، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن شنۆ ئیسماعیل، بەرپرسی پەیوەندیەكان تەنها بە بەڕێكردنی دەوامی رۆژانە پەیوەستن و پەیوەندیان لەئاستێكی زۆر خراپدایە لەگەڵ ئالان.

بەرپرسێكی لقی 21ی دەوروبەری سلێمانی بۆ ژیان وتی "هەریەك لە شێخ فاتیح و شێخ ستار جموجۆڵیان دژی ئالان حەمە سەعید دەستپێكردووە لەزۆربەی لە مەراسیمەكاندا ئاماددە نین لەگەڵ ئالان دەربكەون.

لەلایەكی ترەوە شێخ ستار بەنهێنی سەردانی رێبوار ئەڵدا، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی  ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی كردووە، لەسەردانەكە باسی لەوەكردووە ئالان لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیە نییەو ئەزموونی كاركردنی نییە لەبڕیاردان تاك لایەنە بڕیار دەدات و خەرجی زۆری هەیە.

ژیان زانیویەتی، كارگێڕی لقەكان هەوڵ دەدەن بەرپرسی ناوچەكان گوێ بە ئالان نەدەن و كێشەی بۆدروست بكەن.