زیاتر لە 300 كەیسی تر لەلێكۆڵینەوەدان

PM:06:59:16/12/2017
كورد میدیا: ڕێژوان ئازاد123
كەیسی گەندەڵی لە دادگاكانی هەرێمدان و هەندێكیان تەواو بوون و زیاتر لە 300 كەیسیش لە لێكۆڵینەوەدان، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە "بەرپرس و دەسەڵاتداریان ڕەوانەی دادگا كردووە و ڕێگریشیان لێ دەكرێت، داوای هەوڵی نیشتیمانیش دەكات بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی".

بەپێی ئامارەكانی دەستەی دەستپاكی هەرێم، ئێستا 197 داوای هەواڵدەر و 178 داوای سزاییمان هەیە، لە ماوەی ڕابردووشدا 123 كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاكان كراون و 39 كەیسیان حوكمی كۆتایان تێدا دراوە، 58 كەیس لە قۆناغی دادگاییكردندا ماون، بەڵام ئاماژە بەوە دەكرێت لێكۆڵینەوە لە كەیسی گەندەڵی لە لایەن دادگاكانەوە خاو دەڕوات و لە لایەن بەرپرسانیشەوە ڕێگری بۆ كارەكان درووست دەكرێت.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم، بە "كوردمیدیا "ی ڕاگەیاند، كەیسەكان دەربارەی نەوت و سامانی سروشتی و دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و تەندروستی و پێشمەرگەن.

وتیشی: "ڕێگری دەكرێت و دادگاكانیش خاون، بەڵام لە یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكاندا داوامان كردووە هەوڵی نیشتیمانی بچەسپێت و دادگای تایبەتمەند كەیسەكان یەكلایی بكاتەوە."

ئاماژەی بەوەش كرد، ژمارەیەك بەرپرس گیراون و دۆسیەی زۆری تریش لەسەر بەرپرسان هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو ناو و ژمارە و جۆری دۆسیەكانی بەرپرسان ئاكرا بكات.

هەرێمی كوردستان گەندەڵی جۆراوجۆری تێدا كراوە و بەردەوام لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان و دەستەی دەستپاكی و پەرلەمانتاران هۆشداریان لە زۆری بەهەدەردانەكان و گرنگی لێپێچینەوەلێیان كراوە، بەڵام وەك پێویست كەیسەكان یەكلایی نەكراونەتەوە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وتیشی: "ئەم چەند ساڵە بەهەدەردانی سامانی گشتی زیاتر بووە، ئەوەش بەهۆی لێنەپێچینەوە لە گەندەڵكاران و سزانەدانیان، بۆیە چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوە تەنها ئامرازی ڕێگریكردنە لە گەندەڵییەكان.

لەگەڵ ئەوەی بەردەوام دۆسیەی گەندەڵی ئاشكرا كراوە و زیاد لە بڕیارێكیش لە لایەن پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتەوە دەركراوە، بەڵام بەرەوپێشچوون و یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكان و بە سزاگەیاندنی ئەنجام دەرانیان زۆر خاوە.

ئەنەس د‌وسكی، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان، بە " كوردمیدیا "ی ڕاگەیاند، دۆسیەكانی گەندەڵی و ئەو دامەزراوانەی كاری تێدا دەكەن سستن و وەك پێویست ناچنە پێشەوە و پێویستە زیاتر كاریان تێدا بكرێت.

وتیشی: "خەڵكانێكی زۆر لە پلەی جۆراوجۆر دەستبەسەر كراون لەسەر گەندەڵی، بەڵام پرسی گەندەڵی و دۆسییەكان لە هەرێمی كوردستان زۆرن و پێویستیان بە كاری وردتر و خێراتر هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەیان."

ڕاشیگەیاند: "كێشەی گەورە لەبەردەم یەكلاییكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵیدان، ئەو بەرپرسانەی كاری نایاساییان كردووە كاتێك ئیجرائاتیان لەگەڵ دەكرێت ڕاستەوخۆ پرسەكە بە سیاسی دەكەن و لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنیان خاو دەكاتەوەو پێویستە لەسەر سەرجەم حزبەكان پشتی بەرپرسە گەندەڵەكانیان نەگرن."


زۆرترین خوێنراو‌