بارزانی: ھەڵبژاردن باشترین چارەسەره‌ بۆ قەیرانەکانی ھەرێم

PM:03:25:18/12/2017
كورد میدیا:
مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند" بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن باشترین چارەسەره‌ بۆ قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان".

ئه‌مرۆ دووشەممە ١٨ـی ١٢ـی ٢٠١٧، مه‌سعود بارزانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ ژمارەیەک ڕاگر و مامۆستای زانکۆکانی دھۆک" بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی بە باشترین چارەسەر بۆ قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان زانیوه‌".

بارزانی جەختیشی لەوە کردۆته‌وه‌" کە ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی کوردستان سەردەکەوێت، چونکە دۆزەکەی ڕەوایە و زوڵمیشی لە کەس نەکردووە".

ھەروەھا، ڕۆشنایی خستە سەر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ئەو کۆسپ و تەگەرانەی خراونەتە بەردەم ژیان و بڕیاری خەڵکی کوردستان.

لەو کۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زانکۆکانی دھۆک بەپێی پسپۆڕی و شارەزاییان لە بوارە جۆراوجۆرەکان لە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلدا کۆمەڵێک تێبینی و پێشنیار و پرسیاریان لە بارەی (بارودۆخی سیاسی و دەستووریی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان، ھەروەھا بار و گوزەرانی خەڵک، کێشە و قەیرانە دارایی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، مەسەلەی خزمەتگوزاری، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە کەرتە جۆراوجۆرەکان) ئاراستەی بارزانی کرد.