مەلا بەختیار بۆ لەیلا زانا: تۆ هێمایەكی ئاسمانی سیاسەتی كوردایەتیت

PM:03:43:14/01/2018
كورد میدیا:
بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پەیامێك ئاراستەی لەیلا زانا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی هەدەپە دەكات و دەڵێت" تۆ هێمایەكی ئاسمانی سیاسەتی پەرلەمانی و مەدەنی كوردایەتیت، بۆیە، پشتبەندی پەرلەمانیت لێ‌ سەندرایەوە".

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی بابەتێكی بەناوی" پەیامێك بۆ لەیلا زانا" بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی" لەناخەوە، سڵاوی هاوپێناویت لێدەكەم.. دەزانم، تۆ هێمایەكی ئاسمانی سیاسەتی پەرلەمانی و مەدەنی كوردایەتیت، بۆیە، پشتبەندی پەرلەمانیت لێ‌ سەندرایەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، جەنابت لەهۆڵی پەرلەمان دەردەكرێی، بەڵام لەهەمان كاتدا، زیاتر لەجاران، چویتە ناو پەرلەمانی دڵی دەیان ملیۆن كوردو سەدان ملیۆن ئازادیخوازی ئەم جیهانە".

دەشڵێت" تۆ لەزینداندا.. لەهەشتاكانەوە، سەلماندوتە كە (لەیلی)ی (مەجنون)ی كوردستان‌و ئازادیت. وەكو (لەیلی)ێكی پەرلەمانتارو سیاسەتمەدار هاوڕێی یەكین. جەنابیشت، هەر سەفەرێك هاتبیتە باشوری كوردستان، سەردانی ئەم هاوڕێیەی خۆت كردووە. بەڵام ئێستا، كە پشتبەندیت (حصانە) لێ‌ سەندراوەتەوە، هەستدەكەم بویتە بەشێك لەویژدانم. دڵنیاش بە تۆ ئێستا لە پەرلەمانی دڵ‌و لەپەرلەمانی ویژدان‌و لەپەرلەمانی باوەڕی تەواوی ئازادیخوازانی".

هەورەها مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكردووە" دڵنیاشم.. حكومەتی ئاكەپەی توركیاش، یان لەدیموكراسی بەتەواوەتی لادەدا، یاخود واز لەم بڕیارانە دێنێ‌‌و بەرەو چارەسەری دیموكراسی.. رادەچەڵەكێ‌..!".