ڕۆژنامەی ژیان، وردەکاری گەڕانەوەی پڕۆژە یاسای چاكسازی بڵاو دەکاتەوە

PM:01:44:15/04/2018
ژیان: ئالان نوری
فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یاسای چاكسازی لەبواری خانەنشین‌و دەرماڵەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، دواخستنی پەسەندكردنی پڕۆژەكەش بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق چارەنووسی پڕۆژەكە بەیەكجاری دەخاتە ژێر مەترسی پەكخستن‌و ئەگەر هەیە جارێكی دیكە بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت.

28ی شوباتی 2018 پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای چاكسازی لەخانەنشینی‌و مووچە‌و دەرماڵ ‌و بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان پەسەند كرد، بەهۆی نارەزایەتییەكانی بەشێك لایەنە سیاسییەكان‌و هاوڵاتیان سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر داواكاری فراكسیۆنەكان لە 4ی ئازاری 2018 یاساكەی‌ گەڕاندەوە هۆڵی پەرلەمان، دوای كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر هەمواری یاساكە چارەنووسی یاساكە درایە دەست قەدەر.

سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبارەی ئەو مادەو بڕگانەی تایبەتە بەخانەشینی نایاسایی‌و پلە تایبەتەكان‌و دەرماڵە داوای بۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە


بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) ناكۆكی سەرەكی نێوان فراكسیۆنەكان لەبارەی پڕۆژەكە بریتییە لەمادەی تایبەت بەخانەنشینی نایاسایی‌و خانەنشینی تایبەت‌و دەرماڵەی فەرمانبەران، كە رەنگە بەهۆی ئەو ناكۆكیانە یاساكە بگەڕێندرێتەوە حكومەت‌و بەشێوەیەكی دیكە پەسەند بكرێت.

(ژیان) زانیویەتی، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبارەی ئەو مادەو بڕگانەی تایبەتە بەخانەشینی نایاسایی‌و پلە تایبەتەكان‌و دەرماڵە داوای بۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە، بەڵام وەڵامی زۆربەی فراكسیۆنەكان بەتایبەت فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەبووە ئەوان هیچ بۆچوونێك لەو بارەیەوە نادەن تاوەكو نەچنە هۆڵی پەرلەمان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (ژیان) كەوتووە زۆربەی فراكسیۆنەكان داوای گەڕانەوەی ئەو پڕۆژانە دەكەن بەهۆی بوونی چەند هۆكارێك، لەوانە بەشێك لەفراكسیۆنەكان پێیانوایە؛ ئەم پڕۆژە كاتێك هاتووە لەحكومەت هەندێ بڕیار لەئارادا نەبووە وەكو نەناردنی پارە لەلایەن عێراق بۆ مووچەو جگە لەوەش بڕیار نەدرابوو لەعێراق مووچەی كەسوكاری شەهیدو زیندانی بچێتە سەر بەغدادو هەروەها پاشەكەوتی مووچەش كەم نەكرا بۆوە.

فراكسیۆنەكان بەسەرۆكایەتی پەرلەمانیان راگەیاندووە، مووچەی كادیری حیزبەكان بڕیار بوو بەو پرۆژە ببڕدرێت، بەڵام ئێستا یەكێتی‌و پارتی كێشەی مووچەی كادیرەكانیان چارەكردوە‌و مەلەفیان بۆ دروست كردون


(ژیان) لەسەرچاوەیەكی ناو كۆبونەوەی نێوان سەرۆكی فراكسیۆن‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان زانیویەتی، فراكسیۆنەكان بەسەرۆكایەتی پەرلەمانیان راگەیاندووە، مووچەی كادیری حیزبەكان بڕیار بوو بەو پرۆژە ببڕدرێت، بەڵام ئێستا یەكێتی‌و پارتی كێشەی مووچەی كادیرەكانیان چارەكردوە‌و مەلەفیان بۆ دروست كردون، بۆیە ئامادەنین بەوشێوەیە یاساكە پەسەند بكەن.

زۆربەی فراكسیۆنەكان داوایان لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، پێویستە حكومەت پڕۆژە بەرەسمی بنێردرێتەوە بۆ حكومەت تا بەنووسراو دوای ئەو گۆڕانكاریانە رایان روونتر دەرببڕن، بەپێویستیان زانیوە پەرلەمان هەندێ بڕگە بۆ حكومەت جیا بكاتەوە كە خۆیان بڕیاری پێدەر بكەن، نەك لەرێگەی پەرلەمانەوە ئەمە بكرێت.

ئەوەی بۆچوونی فراكسیۆنەكانی لەسەر جیاوازە مادەكانی 3‌، 8‌و 11ـن كە خۆی لەپرسی خانەنشینی‌و مووچەو دەرماڵەكان دەبینێتەوەو پێناچێت بەمزووانە ئەو یاسایە پەسەند بكرێت، لەوانەشە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان


دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە (ژیان)ی وت "بۆ تێپەڕاندنی یاساكە بۆچوونی سەرجەم فراكسیۆنەكان لەیەكدی نزیكە، ئەگەر موزایەدەی سیاسی تێكی نەدات دەتوانرێت ئەو یاسایە تێپەڕ بكرێت".

ئاماژەی بەوەكرد "ئەوەی بۆچوونی فراكسیۆنەكانی لەسەر جیاوازە مادەكانی 3‌، 8‌و 11ـن كە خۆی لەپرسی خانەنشینی‌و مووچەو دەرماڵەكان دەبینێتەوەو پێناچێت بەمزووانە ئەو یاسایە پەسەند بكرێت، لەوانەشە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكان".

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەو بڕوایەدایە "هیچ نیەتێك نییە بەمەبەستی تێپەڕاندنی یاساكەو ئەگەرێكی زۆریش هەیە لەدوای هەڵبژاردنەكانیش جارێكی دیكە قسە لەسەر یاساكە نەكرێتەوەو گەمە بەكات بكرێت".

وتیشی"لەكۆبوونەوەی ڕابردووی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكان داوامانكرد رۆژی 12ی ئازاری 2018 كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجامبدرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی مادەكانی تایبەت بەخانەنشینی نایاسایی‌و پلە تایبەتەكان، دواتر بەشێك لەمادەكانی دیكە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئەمە نەكرا".

هەندێ بڕگەو ماددە فەرمانبەران لێی زەرەرمەند دەبن، چونكە حكومەت دەیەوێت ئەو بەخشینی دەرماڵەی چەند ساڵی ڕابردوو بە فەرمانبەرانی داوە لەڕێی پەرلەمانەوە بیبڕێت‌


پەرلەمانتارێكی یەكێتی، لەو بڕوایەدایە حكومەت دەیەوێت پەرلەمان لەبەرچاوی خەڵك ناشرین بكات. 

رێواس فایەق، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بە (ژیان)ی وت "هەندێ بڕگەو ماددە فەرمانبەران لێی زەرەرمەند دەبن، چونكە حكومەت دەیەوێت ئەو بەخشینی دەرماڵەی چەند ساڵی ڕابردوو بە فەرمانبەرانی داوە لەڕێی پەرلەمانەوە بیبڕێت‌، ئەمەش بەئاسانی لەناو خەڵكدا تێناپەڕێت‌و حكومەت دەیەوێت پەرلەمان ناشرین بكات".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دارایی مانگانە لەكۆی زیاتر لە (671 ) ملیار دیناری موچەی  فەرمانبەرانی راستەقینە، لە (43%)ی بۆ موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەچێت و لە (57%) بۆ دەرماڵەی جێگیرو پیشەییەكانی فەرمانبەران دەچێت. 

بەهزاد دەروێش، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بە (ژیان)ی وت "تەنها دەرماڵەكان هاوتای بەغدا دەكرێن‌و لەوێ هەشت دەرماڵەی یاسایی هەیە كە هی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو تەندروستی‌و پەروەردەو چەند وەزارەتێكی ترە، بەڵام لە هەرێم 14 جۆر دەرماڵە هەیە". 

سەرجەم ئەو دەرماڵانەی مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی زانكۆو پزیشك‌و تەندروستكاران وەك خۆی دەمێنێتەوەو تەنیا ئەوانە دەبڕدرێن كە دەرماڵەی زیادەن‌و بە بڕیاری نایاسایی یان میزاج زیادكراون


وتیشی "سەرجەم ئەو دەرماڵانەی مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی زانكۆو پزیشك‌و تەندروستكاران وەك خۆی دەمێنێتەوەو تەنیا ئەوانە دەبڕدرێن كە دەرماڵەی زیادەن‌و بە بڕیاری نایاسایی یان میزاج زیادكراون".

پڕۆژە یاسای چاكسازی لەمووچە، خانەنشینی‌و دەرماڵەكان لە 24 ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دوای پەسەندكردنی بڕی (100 بۆ 150) ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.

فراكسیۆنی پارتیش داوا دەكەن لەنزیكترین كاتدا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكرێت.

ئامینە زكری، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمان، بۆ (ژیان)ی رونكردەوە "وەكو فراكسیۆنی پارتی داوا دەكەین لەنزیكترین كاتدا پڕۆژە یاسای چاكسازی لەپەرلەمان پەسەند بكرێت".

فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەتیان وتووە هەندێ بڕگەو مادەی ناو یاساكە، حكومەت دەتوانێت بەبڕیار بیكات پێویست بە یاسای پەرلەمان ناكات


وتیشی "سەرەڕای كۆبوونەوەی نێوان فراكسیۆنەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەسەر پرۆژەكە نەكراوە".

فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەتیان وتووە هەندێ بڕگەو مادەی ناو یاساكە، حكومەت دەتوانێت بەبڕیار بیكات پێویست بە یاسای پەرلەمان ناكات، بۆیە پێویستە حكومەت خۆی لەو بارەیەوە بڕیار بدات لەوانە:

١- كەمكردنەوەو رێكخستنی پاسەوانی بەرپرسان كەدەسەڵاتی حكومەتەو بەیاسا نەكراوە جگە لەهی پەرلەمانتار، بڕیاری سەرۆكی هەرێمیش هەیە لەو بارەیەوە ساڵی ٢٠١٢ دەری كردووە.

٢-هەڵوەشانەوەی خانەنشینی نایاسایی.

٣-وەرگرتنەوەی پلەی زیادە لەكاتی خانەنشینی.

4-یەكخستنی یەكەی ژمێریاریی هێزەكانی ٧٠و٨٠.

٥-یەكخستنی سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەكانی خانەنشینی.


زۆرترین خوێنراو‌