یەكێتی لە كەركوك: پارتی دەنگی پێویست ناهێنێت

PM:02:43:15/04/2018
ژیان:
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا بەشداری نەكات لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەپارێزگای كەركوك، لەئێستادا ئەندامەكانی سەرپشك كردووە لەبەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان.

پارتی دیموكراتی كوردستان 15ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكات لەكەركوك، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، كە لەدوای ڕووداوەكانی 16ی تشرینی یەكەمی 2017 ئەو شارە لەلایەن هێزە عێراقییەكان داگیركراوە.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: بەشێكی زۆری ئەندام‌و لایەنگرو دەنگدەری پارتی ئاوارەی شارەكانی دیكەی هەرێم بوون رەنگە نەتوانن دەنگ بدەن


خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە (ژیان)ی وت "تاوەكو ئێستاش پێمانوایە بڕیاری پارتی لەبارەی بەشدارینەكردنی لەهەڵبژاردنەكان لەپارێزگای كەركوك‌و بەشداریكردنی لەپارێزگای نەینەواو قەزای شنگال‌و مەخموور بڕیارێكی دروستە، چونكە ناكرێت لەشوێنێكدا بەشداری پڕۆسەیەكی دیموكراسی بكەیت‌و لەم لاشەوە شار بكەیتە سەربازگە".

وتیشی "بەشێكی زۆری ئەندام‌و لایەنگرو دەنگدەری پارتی ئاوارەی شارەكانی دیكەی هەرێم بوون رەنگە نەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام ئێمە رامانگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردن لەژێر چەتری داگیركاری ناكەین‌و دەنگدەرانی پارتیش سەرپكشن بەشداری دەكەن یاخود نا؟".
خەسرەو گۆران ڕەتیدەكاتەوە پشتیان لەدەنگدەران‌و لایەنگرانیان كردبێت بەڵكو بایكۆتكردنەكەیان بەپاساوی ناسەقامگیری لەو پارێزگایەو دەیانەوێت بەشێوەیەكی بەهێز بگەڕێنەوە.

ئاسۆ مامەند:بەشدارینەكردنەكەی پارتی وەكو كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەزیان بۆ كورد دەشكێتەوە هەروەك چۆن نەبوونی پارێزگاری كورد لەم شارەدا زەرەری داوە لەكورد


كورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە كەركوك بە چەند قەوارەیەكی جیاواز بەشداری دەكات، یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و نەوەی نوێ بەجیا‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، لە ناو هاوپەیمانیەتیەكدا كۆبونەتەوە بەناوی "لیستی هاوپەیمانیەتی نیشتمان".

ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك، لەو بڕوایەدایە "بەشدارینەكردنەكەی پارتی وەكو كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەزیان بۆ كورد دەشكێتەوە هەروەك چۆن نەبوونی پارێزگاری كورد لەم شارەدا زەرەری داوە لەكورد".

ئاسۆ مامەند بە (ژیان)ی وت "ئەگەر لەهەڵبژاردنی ئەمجارە كورد نەتوانێت ژمارەی كورسییەكانی بەنزیكەیی هەڵبژاردنی ڕابردوو بێنێت، یاخود بەهاوسەنگی كورسییەكانی نەهێڵێتەوە لەگەڵ هێزەكانی دیكەی كەركوك، ئەوە ئەوكات هەم كورد زەرەری گەورە دەكات، هەمیش پارتی غەدر لەجەماوەرەكەی خۆی دەكات لەو شارە".

پارتی خاوەنی 63 هەزار دەنگە لەپارێزگای كەركوك‌ بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2014دا، دوو كورسی ئەو پارێزگایەی لەئەنجومەنی نوێنەران هەیە لە كۆی 12كورسی


ئاسۆ مامەند، پێیوایە رەنگە پارتی نەتوانێت دەنگی پێویست لە كەركوك بهێنێت وەكو هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، بۆیە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردوە.

پارتی خاوەنی 63 هەزار دەنگە لەپارێزگای كەركوك‌ بەپێی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2014دا، دوو كورسی ئەو پارێزگایەی لەئەنجومەنی نوێنەران هەیە لە كۆی 12كورسی.

هەرچەندە لەبڕیارەكەی پارتیدا لەسەرەتا ناوی ناوچەی جێناكۆك هاتبوو، بەڵام دوای ئەوە مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی پارتی بڕیارەكەی تەنها بۆ پارێزگای كەركوك گۆڕی.

بەرپرسانی پارتی لەشاری كەركوك خۆیان بە زەرەرمەندی گەورە دەزانن لەدوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان.

پارێزگای كەركوك، جگە لەپەرلەمان لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كەبڕیارە كۆتایی ئەمساڵ بەرێوەبچێت، ئەوەش دوای 13 ساڵ دابڕان لەو پرۆسەیە، بەڵام بڕیاری پارتی دیارنییە درێژە بە بایكۆت دەدات بۆ ئەو هەڵبژاردنەش یاخود نا


محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لەكەركوك بە (ژیان)ی وت "راستە پارتی لەسەرەتا بڕیاریدا بایكۆت بكات، بەڵام دواجار لەبەر كورد پارتی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی بایكۆتی لەكەركوك بەستەوە بە یەك لیستی حزبە كوردییەكان، بەڵام حزبەكان نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن".

پارێزگای كەركوك، جگە لەپەرلەمان لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كەبڕیارە كۆتایی ئەمساڵ بەرێوەبچێت، ئەوەش دوای 13 ساڵ دابڕان لەو پرۆسەیە، بەڵام بڕیاری پارتی دیارنییە درێژە بە بایكۆت دەدات بۆ ئەو هەڵبژاردنەش یاخود نا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە لایەنی بەرپرسیارە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەعێراق، رۆژی 18ی كانونی دووەمی 2017 كۆتایهاتنی ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتیەكانی هەڵبژاردنی راگەیاند و هاوكات 27 هاوپەیمانێتی پەسەند كرد، كە هاوپەیمانێتیەكان لە 143 پارتی سیاسی پێكدێن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو.


زۆرترین خوێنراو‌