لەسەر شانۆیی (دووپەیامبەر) رونكردنەوە دەدرێت

PM:02:58:15/04/2018
ژیان:
بەرپرسی راگەیاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە ڕایدەگەیەنێت، لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا پرسیارگەلێك دەكرێت‌و هەندێك كەسیش سەرنج‌و رەخنەیان هەیە، لەسەر ناوو دەقی شانۆییەكە كە گوایە ناوەرۆكەكەی رەخنە لەئاینی ئیسلام دەگرێت، بەو پێیەی ناوی شانۆییەكە (دووپەیامبەر)ە.

شەهێن سابیر، بەرپرسی راگەیاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە لەڕێگەی رونكردنەوەیەكەوە كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە لەبارەی ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە شتنۆی (دوو پەیامبەر) دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، كاركردن لەو دەقەداو مامەلەكردن لەگەڵیدا لەرووی روداوەوە چ بۆ وەرگێر چ بۆ دەرهێنەر بایەخ‌و پەیامی خۆی هەیە، لەرووی واقعی دۆخی سیاسی‌و كۆمەلایەتی، ناوەرۆكی ئەم دەقە هێندەیی سیاسییە هێندەش لەرووی كاركردنەوە دوورە لەرەهەندی ئاینی‌و هیچ پەیامێك‌و رەخنەیەكی بۆ هیچ ئاینێك تێدانییە.

دەقی رونكردنەوەكە:

رونكردنەوە یەكی پێویست!

ماوەی چەند مانگێكە ستافی شانۆیی (دووپەیامبەر)، سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ نمایشكردن‌و هەروەك لەرێگەی راگەیاندنەكانەوە بلاومانكردەوە لەرۆژی 13ی ئەم مانگەوە نمایش دەستیپێكردوەو تا رۆژی 22ی مانگ بەردەوامی دەبێت، ئەوەی تیبینی دەكەین لەتۆرەكۆمەلایەتییەكاندا پرسیارگەلێك دەكرێت‌و هەندێك كەسیش سەرنج‌و رەخنەیان هەیە، لەسەر ناوو دەقی شانۆییەكە كە گوایە ناوەرۆكەكەی رەخنە لەئاینی ئیسلام دەگرێت، بەو پێیەی ناوی شانۆییەكە (دووپەیامبەر)ە، بۆیە بەگرنگی دەزانین رونكردنەوەیەكی پێویست بدەین.

دەقی شانۆیی (دووپەیامبەر) دەقێكی وەرگێردراوی نوسەری پۆلەندی (سلاڤۆمێرمرۆژیك)ە، كە دەقەكانی بۆ چەندین زمانی دیكە وەرگێردراون‌و زێدەتر بون بە دەقێكی جیهانی، هەڵبەت نوسەر بەكاریگەری لەسەر مێژوو جوگرافیاو روداوەكانی ولاتەكەی‌و ولاتانی دەوروبەری خاوەنی دەیان دەقی شانۆییە.. كاركردن لەو دەقەداو مامەلەكردن لەگەڵیدا لەرووی روداوەوە چ بۆ وەرگێر چ بۆ دەرهێنەر بایەخ‌و پەیامی خۆی هەیە، لەرووی واقعی دۆخی سیاسی‌و كۆمەلایەتی، ناوەرۆكی ئەم دەقە هێندەیی سیاسییە هێندەش لەرووی كاركردنەوە دوورە لەرەهەندی ئاینی‌و هیچ پەیامێك‌و رەخنەیەكی بۆ هیچ ئاینێك تێدانییە، بەڵكو و لەرووی بەرپرسیارێتی سیاسیی‌و سەركردایەتییەوە باس لەو كێشەو ململانێیانە دەكات، كە چۆن میللەت لەچاوەروانی هەڵبژاردنی سەرۆكێكدان‌و ئاكامەكانی شەڕی دەسەلات بەكوێ دەگات. 

بۆ دڵنیابون‌و تێگەیشتن رایدەگەیەنین، بەفەرموون لەنزیكەوە بینەری شانۆییەكەبن، ئەوكات دەكرێت دانیشتینی رەخنەیی وەك زەرورەتێكی تەواوكاری لەهونەری شانۆدا بەدیاردە بكەین‌و رەخنە‌و چەمكی رەخنە بكەینە بنەمای بونیادی كاركردنمان..لێرەوە جەخت ئەكەینەوە لەرووی پیشەیی‌و ئاكاری كاردنمانەوە رێزگرتنمان بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام‌و ‌و كولتووری گەلەكەمان لەسەروو كارەكانمانەوە دوپات دەكەینەوە. 

شەهێن سابیر
بەرپرسی راگەیاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە.
شانۆیی (دووپەیامبەر)