گیا بەهارییەكان جێگە بە برنج‌و فاسۆلیا لێژ دەكەن

PM:04:44:15/04/2018
ژیان:
كاتژمێر پێنجی بەیانی لە خەو هەڵدەستین‌و لەماڵەوە دەردەچین، چونكە تادەگەنە چیاكان زیاتر لە چوار كاتژمێرمان پێدەچێت" كوبرا عەلی، وادەڵێت كە ماوەی چەند ساڵێكە لەوەرزی بەهاردا روو دەكاتە چیاكانی كوردستان بۆ هێنانی بەربومە گیاییەكان، كە لەم وەرزەدا دەبنە خواردنی سەرەكی هاوڵاتیان‌و بۆ ماوەیەك جێگە بە برنج‌و فاسۆلیا لێژ دەكەن.

كوبرا عەلی، دانیشتوی قەزای سیدسادقە لە رۆژهەڵاتی سلێمانی، لەگەڵ حەوت ژنی دیكە رۆژانە دەچنە چیاكانی "سورێن‌و رەنگین‌و پێنجوێن"، وتی "هەتاوەكو ئەو جێگەیەی ئۆتۆمبێل پێیدا بڕوات كێشەمان نیە، بەڵام لەوە بەدواوە بەپێ‌ رێگە دەكەین".

كوبرا‌و ژنە هاوڕێكانی، كاتێك دەچنە چیاكان تورەكە‌و گوێنیەكانی دەستیان پڕ دەكەن رێواس، كەنگر، تۆڵەكە، گیلاخە، گۆزروان، گەبڵە، بەرەزا‌و لەماڵەوە دایدەنێن تاوەكو كڕیارەكان دێن لەماڵەوە لێیان دەكڕن.

كاتێك دەچنە چیاكان تورەكە‌و گوێنیەكانی دەستیان پڕ دەكەن رێواس، كەنگر، تۆڵەكە، گیلاخە، گۆزروان، گەبڵە، بەرەزا‌و لەماڵەوە دایدەنێن تاوەكو كڕیارەكان دێن لەماڵەوە لێیان دەكڕن


لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، بەشێك لە خەڵك ڕوو لە چیاكان دەكەن‌و بەروبومی بەهارە لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە، بەشێك لە خێزانەكانیش لەم وەرزەدا ژەمە خواردنەكانیان دەبێت بە گیا بەهارییەكان‌و بەشێوەیەكی كاتی دوور دەكەونەوە لەو ژەمە خواردنانەی كە ئەستەم برنج‌و فاسۆلیا یاخود گۆشتیان تێدا نەبێت.

حەبیب مستەفا، (٦٢ ساڵ) یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی هەموو ساڵێك دەچێتە چیاكانی سنوری هەورامان كە بە دەیان جۆر گژوگیای بەهارەیان تێدایە.

ئەو چیایانەی حەبیب ڕوویان تێدەكات هەندێكیان مەترسیان لەسەرە بەهۆی هەبوونی مینەوە كە بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران‌و عێراقەوە چێنراون


حەبیب وتی "لەكاتی بەرەزاو رێواس دەچنم، هەرچەندە ماندوبونی زۆرە بەڵام بۆ تەندروستی خۆمان باشەو لە هەمان كاتیش سودێكی دارایی دەبێت بۆمان، كە من رێواس دەهێنم گوێنیەك دەدەمە٣٠ هەزار، بەرەزا چەپكەی بە ٧٥٠ دینار بەدوكاندارەكانی بازاڕ دەفرۆشمەوە".

ئەو چیایانەی حەبیب ڕوویان تێدەكات هەندێكیان مەترسیان لەسەرە بەهۆی هەبوونی مینەوە كە بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران‌و عێراقەوە چێنراون، سەرەتای ئەم مانگەش گەنجێكی 22 ساڵ لە چیای داڵانی ناوچەی هەورامان مینی پێداتەقیوو قاچی پەڕی، بۆیە ئەوانەی سەردان دەكەن دەبێت شارەزای ناوچەكە بن.

هەرچەندە ئێستا قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام خواست لەسەر بەرهەم‌و خواردەمەنییە گیاییەكان هەیەو كڕیاریان زۆرە


ستار محەمەد، فرۆشیارێكی خواردنە گیایەكانە لە ناو بازاڕی خورماڵ، ئەوە بۆ (ژیان)باس دەكات، هەرچەندە ئێستا قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام خواست لەسەر بەرهەم‌و خواردەمەنییە گیاییەكان هەیەو كڕیاریان زۆرە، "خەڵكی رۆژانە دێتە لامان‌و داوای ئەو بەرهەمانە دەكات".

ستار محەمەد، وتی "سەرجەم ئەو بەرهەمانەی كە ئێمە دەیانكرین، لای خەڵكی سنورەكەی خۆمان دەیكڕین، سەرجەمیان هی چیاكانی سورێن‌و رەنگین‌و هەورامانن، ئێستا بەرەزا بەسەرچوەو نەماوە، ئەگەریش مابێت زۆر بەكەمی، بەڵام زیاتر رێواس‌و كەنگر، گیلاخە، بازاریان زۆرە".

زۆربەی چیاكانی كوردستان دەوڵەمەندن بە گیا بەهارییەكان، لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە، پێنجوێن‌و چیای سورێن لەبناری شارەزور‌و لەگەڵ چیاكانی هەورامان لە سنوری نێوان هەرێم‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بەنیشتمانی گیا بەهارییەكان دادەنرێن.

كنگرو رێواس و كاردو، كاریگەری باشیان هەیە لەسەر كۆئەندامی هەرس‌و سودیان بۆجگەر هەیە، هەر یەك لە گژوگیا سروشتیەكان سودو تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە هاوڵاتیان جیا لەتام‌و چێژەكەی وەك چارەسەری بزیشكی بەكاری دەهێنن


جەلال كەریم، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان، رونیكردەوە گژوگیا بەهارییەكان تاموچێژێكی تایبەتیان هەیە، خەڵكی لە بەهاردا زیاتر بۆ ژەمی خواردن هەوڵ دەدات ئەو بەروبومانەی دەستبكەوێت‌و سودیان لێوەربگرێت، تەنانەت جگە لە دیوە ئابورییەكەی، بۆ لایەنی تەندروستیش گرنگن".

وتی"كنگرو رێواس و كاردو، كاریگەری باشیان هەیە لەسەر كۆئەندامی هەرس‌و سودیان بۆجگەر هەیە، هەر یەك لە گژوگیا سروشتیەكان سودو تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە هاوڵاتیان جیا لەتام‌و چێژەكەی وەك چارەسەری بزیشكی بەكاری دەهێنن، جگە لەو گیایانەی كە بەتەڕی‌و راستەوخۆ دەخورێن، بەشێكی تر لەو گرژوگیاو رووەكانە وشكدەكرێنەوە وەك نەعنا، گوڵەبەیبون، گوڵەوەنەوشە، گەزمە، مریەم، گوڵ‌و گەڵاكەیان وشكدەكرێت‌و بۆدەرمان بەكاردەهێنرێن".


زۆرترین خوێنراو‌