هیومان رایتس ۆچ هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات

PM:12:37:16/04/2018
ژیان:
رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە كاتی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوو تۆمەتبار دەكات.

لە راپۆرتێكدا كە دوێنێ بڵاوی كردووەتەوە رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ باس لە پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ دەكات لە هەرێمی كوردستاندا و ئاماژە بەوە دەكات كە "هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆتایی مانگی ئازار لانی كەمی (84) خۆپیشاندەر و (4) رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، پێدەچێت زۆرێك لە دەستگیركردنەكان هەرەمەكی بوبن، چونكە بەهۆی ئەوە بوون كە كەسانێك مومارەسەی مافی خۆیان كردووە لە ئازادی گردبونەوەی ئاشتیانە، یان بەهۆی پشتگوێخستنی مافەكانیان كە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێردا دوای دەستگیركردنیان لەبەردەم دادوەر ئامادەبن".

ئەو رێكخراوە باس لەوە دەكات كە "هێزە ئەمنییەكان هێزی نایاسایی و هەڕەشەیان بەكارهێناوە بۆ ناچاركردنی هەندێك لە خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان بۆ كردنەوەی تەلەفۆنەكانیان و پێدانی پاسۆردی ئەژمارە تایبەتەكانیان لە "فەیسبوك"، هەروەها دەستگیركراوان بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستبەسەركراون بەرلەوەی هەموویان ئازاد بكرێت بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك".

ئەو رێكخراوە نێو دەوڵەتیە لە راپۆرتەكەیدا باس لەوەش دەكات كە  هەندێك كەس ناچاركراون ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەن بەوەی بەشداری "ناڕەزایەتی نایاسایی" ناكەن.

لە بەیاننامەكەدا لەزاری لەما فەقی، جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "پێدەچێت ئەو تەكتیكانەی توندوتیژی كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەكاریانهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییە ئاشتیانەكان، ئامانج لێی بێدەنگكردنی رەخنەكان بێت، سەرباری بانگەشە فەرمییەكان بەوەی رێز لە ئازادی رادەربڕین و گردبونەوە دەگیرێت. هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ ناچاركردنی خەڵك بۆ دەستهەڵگرتن لە مافە بنەڕەتییەكانیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵگەی ئەو سەركوتكاریەیە".

هیومان رایتس ۆچ لە درێژەی راپۆرتەكەیدا لەبارەی نارەزایی كارمەندانی هەرێمی كوردستانەوە كە موچەكانیان پاشەكەوت كراوە رای چەند كارمەندێكی گواستووەتەوە، جگە لەوە رێكخراوەكە رای چەند رۆژنامەنوسێكیشی وەر گرتووە كە چیرۆكی پێشێلكاریەكانیان بۆ رێكخراوەكە گێراوەتەوە، ئاماژە بە ژمارەی رۆژنامەنوسەكان دەكات و ئەڵێت لانی كەم 15 رۆژنامەنوس پێشێلكاریان بەرامبەر كراوە.





زۆرترین خوێنراو‌