ئاری جەلال بۆ ژیان: ئەو سێ‌ منداڵە تازە لە زیندان ئازاد كراون

PM:12:49:16/04/2018
ژیان: زانكۆ سەردار
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاش زیاتر لە دوو مانگ لەلای پۆلیسی توركیا توانیویانە سێ‌ منداڵ بەخانەوادەكەیان شاد بكەنەوە.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لەبارەی ئەو سێ‌ منداڵەوە بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) ووتی"ئەو سێ‌ منداڵە تازە لە زیندان ئازاد كراون، ئەوان لەكاتێكدا ویستویانە بەڕێگەی قاجاغ لە توركیاوە بپەڕنەوە بۆ یۆنان، لە دایك و باوك خانەوادەكەیان دادەبڕێن و ئەمان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی سنورەكانی توركیاوە بۆ ماوەی دوومانگو نیو دەستگیر دەكرێن و لەژێر چاودێری ئەواندان".

ئاری جەلال ئەوەش دەخاتەڕوو، پاش ئەوەی ئەوان لەڕووداوەكە ئاگادار دەكرێنەوە راستەوخۆ دەچنە نێو بابەتەكەوە و چارەسەی كێشەكە دەكەن.

دەڵێت"ئێمە بەشێوەیەكی فەرمی داوامان لە حكومەتی توركیا و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە ئەو منداڵانە ڕادەستی كەسوكاریان بكرێنەوە، دیارە پێش ئێمەش چەند جاریك هەوڵدرابوو بەڵام دەرئەنجامی نەبوو، خۆشبەختانە بە وەرگرتنی وەكالەت لە باوكی لەیۆنانەوە ئێمە توانیمان منداڵەكان لەپۆلیس وەربگرینەوە و ڕادەستی كەسو كاریان بكەینەوە".

ئەو سێ‌ منداڵە كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن، لەئێستادا لەلایەن كەس و كاریانەوە لە توركیا وەرگیراونەتەوە و چاوەڕێش دەكرێت بدرێنەوە بەكەس و كاریان لە یۆنان.

لەوبارەیەشەوە سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لە عێراق وتی"لەئێستادا منداڵەكان لە ئەستەنبوڵن و ئیتر گەیشتنەوەیان بەدایك و باوكیان دەكەوێتەوە سەر كەسوكارەكەیان چونكە كارەیاساییەكانیان بۆ تەواو كراوە".



زۆرترین خوێنراو‌