ڕۆژی یەكشەممە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد، كە بڕیارە 12ی ئایار هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
كۆمپانیایەكی ئەمریكیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی بەڕێدەخات
(ژیان) زانیویەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەڕێدەخات، ئەوەش لەكاتێكدایە لەزۆربەی هەڵبژاردنەكاندا ئەو حزبە بۆ بانگەشە پشتی بە كۆمپانیا ئەمریكییەكان بەستووە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەنەبوو بڕی ئەو پارەیە ئاشكرابكات كە بۆ بانگەشەیان تەرخان كردوەو بە (ژیان)ی وت "ئێمە قەت ناڵێین ئەوەندە پارەمان بۆ هەڵمەتەكە خەرج كردووە، ئەوەی لەدەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنینو زۆرترین كاندیدمان دەربچێت".
جەختیشی كردەوە "بڕواتان بێت پارتی لەهەموو حزبەكانی تر كەمتر پارە خەرج دەكات بۆ ئەو هەڵمەتە".
یەكێتی: رێكخراوێكی بەریتانی لەهەڵمەتەكەدا هاوكاریمان دەكات
وتەبێژی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت "بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن رێكخراوێكی بەریتانی لەسەر بنەمای پەیوەندییەكانی یەكێتی هاوكاریمان دەكەن".
بڕیار رەشید شەریف، وتەبێژی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی بە (ژیان)ی وت "پارەیەكی رەمزیمان داوەتە كاندیدەكان بەهۆی ئەو دۆخە خراپە داراییەی كە هەموو ناوەندەكانی گرتۆتەوەو ئەركی زیاتر لەسەر كاندیدەكان خۆیانە".
گۆڕان: هەڵمەتێكی گەرم بەڕێوەیە
بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەو بڕوایەدایە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرموگوڕ دەبێت دەڵێت كێبڕكێی سەرەكی ئەم هەڵبژاردنە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتیدا دەبێت.
زمناكۆ جەلال، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە (ژیان)ی وت "لەو بڕوایەدام لەهەموو كوردستاندا هەڵمەتەكە هەڵمەتێكی گەرم دەبێتو ركابەری سەرەكی لەم هەڵمەتەدا لەنێوان گۆڕانو پارتیدا دەبێت لەزۆنی دهۆكو هەولێردا".
لەبارەی هاوكاریكردنی كاندیدەكانیانەوە، زمناكۆ جەلال، وتی "یەك دینارمان نەداوە بە كاندیدەكانو ناشیدەین، چاپی ریكلامو فلێكسەكانیش هەمووی لەناوخۆ كراونو هیچی لەدەرەوەی وڵات نەكراوە".
یەكگرتوو: لەكێبڕكێی لایەنەكاندا لەهەموویان سەلامەتترین
لێپرسراوی ناوەندی هەڵبژاردنی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، پارتەكەیان لەهەموو پارتەكانی تر بەسەلامەتر دەزانێت لەڕووی كێبڕكێی هەڵبژاردنەكانو ئاشكرای دەكات لەهەولێرەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكەن.
فەهمی مەحمود، بە (ژیان)ی وت "خۆمان ئامادەكردووە بۆ هەڵمەتەكەو بەپێی توانای خۆمان ریكلامو پۆستەرو پێداویستیمان بۆ دابینكردووە".
وتیشی "هەڵمەتەكە گەرم دەبێت بەتایبەتی لەسلێمانی ركابەرییەكە زۆرتر دەبێت".
هاوپەیمانی: خۆمان بۆ هەڵمەتێكی مەدەنی ئامادەكردووە
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، خۆیان بۆ هەڵمەتێكی مەدەنی ئامادەكردووە.
رێبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری بە (ژیان)ی وت "هەڵبژاردن بۆ خزمەتكردنی خەڵكەو دەبێت بانگەشەكەش بۆ خزمەتی خەڵك بێتو دەمانەوێت هەڵمەتێك بكەین بەهۆیەوە زۆرترین خەڵك بچێت بۆ دەنگدان نەك خەڵك بێزارو بێتاقەت بكرێتو نەڕوات بۆ دەنگدان".
وتەبێژی هاوپەیمانی بەبێ ئەوەی بڕی ئەو پارەو بودجەیە بۆ (ژیان) ئاشكرا بكات كە بۆ هەڵمەتەكەیان دابینكراوە تەنها وتی "ئەوەی پێویست بێت دابین كراوە".
نەوەی نوێ: راگەیاندنی خۆمان هەیە قسەی بۆ بكەین
جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەهۆی ئەوەی "میدیای خۆیان هەیە" ئامادەنین قسە لەبارەی شێوازی هەڵمەتەكەیانەوە بكەن.
ئارام سەعید وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەی رەتیكردەوە قسە بۆ (ژیان) بكات، وتی "هیچ ناڵێم. خۆمان راگەیاندنمان هەیەو قسەی لێوە دەكەین".
(ژیان) چەند جارێك پەیوەندی بە بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامیەوە كردو بەپاساوی سەرقاڵی ئامادەنەبوو قسە بكات.