ئەم دەرمانە هەوکردنی جگەر چاکدەکاتەوە

PM:01:38:16/04/2018
ژیان:
توێژینەوەیەکی نوێی مالیزی دەڵێ تێکەڵەی دوو دەرمانی دژە ڤایرۆس، بە راددەی 96% تووشبوون بە هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر (جۆری سی) چاکدەکاتەوە.

توێژینەوەکە بە سەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی مالیزیا و رێکخراوی جیهانیی بۆ نەخۆشییە پشتگوێخراوەکان ئەنجامدراوە و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جگەر پێشکەشکرا کە لە رۆژانی 11-15ی ئەم مانگە لە پاریس بەڕێوەچوو.

دەرمانەکە پێکهاتووە لە هەردوو دژە ڤایرۆسی (راڤیداسڤیر) و (سۆفۆسبوڤیر) کە پێشووتر هەریەکەیان سوودی لێوەرگیراوە بۆ چارەسەری هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر.

توێژینەوەکە لەسەر 301 تووشبووی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر (جۆری سی) لە مالیزیا و تایلەند ئەنجامدراوە و تێیدا بۆماوەی 12-24 هەفتە دەرمانەکەیان پێدراوە، بەپێی توندیی نەخۆشییەکەیان.

لە ئەنجامدا دەرکەوت تێکەڵەی ئەم دوو دژە ڤایرۆسە با راددەی 96% سەرکەوتووە لە چاککردنەوەی ئەو کەسانەی پێشووتر ئاستەمبوو چارەسەر بکرێن، بە تایبەت ئەوانەی تووشی ریشاڵبوونی جگەر بوون.

توێژەرەکان گوتوویانە چارەسەر بەم رێگاچارە نوێیە، کارا و سەلامەتە و تێچووەکەشی بۆماوەی 12 هەفتە تەنیا 300 دۆلارە.