گۆڕان: شاسوار عەبدولواحید هیچ کورسییەکی پەرلەمان ناهێنێت

PM:01:55:16/04/2018
ژیان:
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆئەوەدەکات شاسوار عەبدولواحید کە ئێستا گرووپێکی سیاسی دروست کردووە،(بازرگانێکی گوماناوییە) و بۆ دژایەتیکردنی گۆڕان لیستی دامەزراندووە.

نزار محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی ھەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندوە"ھەموو کەسێک ئازادە چۆن بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات، بێگومان ئێمە بە شێوازێکی ئاشتییانە بانگەشە بۆ لیستەکەی خۆمان دەکەین، بەڵام ئێستا شاسوار عەبدولواحید، ھەوڵی ئەوە دەدات ناوی خۆی بخاتە نێو ناوانەوە، بۆیە لیستی دامەزراندووە، ئامانجی ئەوەیە دژایەتیی گۆڕان بکات، بەڵام ئەو کەسە لای ئێمە ھیچ بایەخێکی نییە و ناتوانێ دژایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان بکات".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ڕوونیشی کردەوە"خەڵکی سلێمانی زۆر لەوە ھۆشیارترن بە قسەی باق و بریقی ئەو بارزگانە ھەڵبخەڵەتێن، چونکە ھەموومان دەزانین سەرمایەی ئەو کەسە گوماناوییە و پارەی هەزاران ھاووڵاتیی خاوەن پشکی (چاڤیلاند)ی خواردووە، بەڵام ئێمە دەزانین شاسوار عەبدولواحید ئیش بۆ ئەو لایەنانە دەکات کە پشتگیریی دەکەن".

نزار محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا"شاسوار عەبدولواحد ناتوانێ تەنگ بە بزووتنەوەی گۆڕان ھەڵبچنێ".

دەشڵێت"پێموایە ھیچ کورسییەکی پەرلەمانی ناھێنێت، دواجار ئێمە کێبڕکێ لەگەڵ ئەودا ناکەین، بەڵکوو کێبڕکێ لەگەڵ یەکێتی و پارتی دەکەین".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان باسی لە نیگەرانییەکانیان بەرامبەر بە لاساییکردنەوەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە کرد و وتوویەتی"شاسوار عەبدولواحید حەدی نییە بتوانێ شوێن پێی نەوشیروان مستەفا ھەڵبگرێت، ناشتوانێ مونافەسەی ھیچ سەرکردەیەکی گۆڕان بکات".

ئەم وەڵامەی بەرپرسەکەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە ململانێی نێوان لایەنگرانی گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید و گۆڕان چڕبووەتەوە و هەردوولا تۆمەتی جۆراوجۆر ئاراستەی یەکتر دەکەن.

زۆرترین خوێنراو‌