مه‌لا به‌ختیار: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانمان داده‌به‌زێت

PM:02:22:16/04/2018
ژیان:
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات دۆخی كوردستان دۆخێكی هه‌ستیاره‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ناوچه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای وتووە"دۆخی كوردستان دۆخێكی هه‌ستیاره‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ناوچه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌،وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دۆخی كوردستانیش كاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌".

مه‌لا به‌ختیار ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا نه‌بوبێتن له‌كاتی خۆیدا و ده‌ڵێت"ئێمه‌ هه‌رگیز له‌هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا نه‌له‌ناو په‌رله‌مان نه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان نه‌بوین."

له‌باره‌ی یه‌ك لیستی كورد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت"ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌ن بوین كه‌داوامان كرد كورد به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات،دوای ئێمه‌ پارتیش داوای كرد،یه‌كگرتووش داوای كرد،به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ڕه‌وته‌كه‌ی به‌رهه‌م پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان ته‌واو بن بزانن یه‌ك لیستی بۆ كورد باشه‌ یا فره‌لیستی، چوون له‌به‌غداد له‌كۆمسیۆن هاوپه‌یمانێتیه‌كیان پێكهێنا به‌ناوی لیستی(ئه‌لوه‌ته‌ن)واته‌ مه‌به‌ستی وه‌ته‌نی عیراقه‌،ئیتر ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان،وه‌ ئه‌و جۆره‌ ناولێنانه‌ له‌لیسته‌كه‌یان(ئه‌لوه‌ته‌ن)خۆی له‌خۆیدا دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌شوناسی كوردایه‌تی و خه‌باتی كوردستانی بوون،به‌ڵام ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌كه‌ین بۆیه‌ هیوادارین ئه‌وان خزمه‌تی وه‌ته‌نی عیراق بكه‌ن و عیراق له‌و هه‌موو كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ عیراقێكی ئارام،وه‌ شوناسی عیراق بكه‌نه‌ شوناسی هه‌مووان ئێمه‌ خۆشحال ده‌بین."

لەبارەی یەک لیستیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وتوویەتی"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ و ئه‌وان(پارتی دیموكراتی كوردستان) به‌یه‌ك لیست به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكردایه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر یه‌ك لیستی هێزه‌ كوردستانیه‌كان، مادام ئه‌و سێ حیزبه‌ چونه‌ به‌غداد و ڕیزی یه‌ك لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیان جیاكرده‌وه‌ ئێمه‌ش بڕیارماندا هه‌رلایه‌نه‌مان ئازاد بین بۆ خۆمان".

ده‌رباره‌ی پێشبینی بۆ ڕێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی داهاتوو، باسی لەوەکردوە"به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وای ده‌بینین به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و بێ متمانه‌یی له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد هێزه‌كانی تر كه‌به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌ ڕێژه‌یه‌ك له‌ده‌نگه‌كانیان داده‌به‌زێت،به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێزه‌ تازه‌كان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك كورسیش بهێنن براوه‌ن بۆ خۆیان".

وتیشی"بێگومان دروستبوونی لیسته‌ نوێیه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی حیزبه‌كان ده‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ش زیاتر ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ئێمه‌ ده‌توانین باشترین پڕۆژه‌ باشترین خیتابی سیاسی و ڕه‌خنه‌مان هه‌بێت له‌هه‌ڵبژاردن،وه‌ زۆرترین متمانه‌ دروست بكه‌ین له‌هه‌ڵبژاردن وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش ناوێتی با باشكردنی پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ زیاتر بنێین بۆ پێشه‌وه‌ خه‌ڵك چی ده‌وێت؟ خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌وێت ده‌سه‌ڵات ژیانی بۆ باشتر بكات،خه‌ڵك هێزێكی تاقیكراوی پێ باشتره‌ له‌ هێزێك كه‌نه‌توانێت سه‌روه‌ته‌كانی خۆشی بپارێزێت ئه‌گه‌ر هێزی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌بێت له‌م دۆخه‌دا".

زۆرترین خوێنراو‌