گۆران: هه‌ولێر هی ته‌نیا حزبێك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نییه‌

PM:02:36:16/04/2018
ژیان:
سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، هه‌ولێر نه‌هی ته‌نیا حزبێكه‌ نه‌هی بنه‌ماڵه‌یه‌ك، شاری برایه‌تی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی و قاره‌مانێتییه‌ بۆیه‌ له‌وێوه‌‌ ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كردووه‌.

قادری حاجی عه‌لی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان لەبەردەم ژمارەیەک لە لایەنگرانی بزوتنەوەکەی لە هەولێر ووتی"له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ هه‌مووانی‌ سه‌لماند كه‌ ته‌سلیمی‌ ئیراده‌ی‌ خۆسه‌پێنی‌ هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك نابێت، هاوكات به‌دۆست و دوژمنانیشی پیشاندا، كه‌ستراتیژییه‌تی ئه‌م هێزه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌نگی خه‌ڵكه‌".

هه‌روه‌ها وتیشی"مێژووی‌ پاش ڕاپه‌رین ئه‌و ڕاسته‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی‌ گۆڕانخوازان ده‌نوسێته‌وه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌تا مردن له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان شكستیهێنا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ ڕیفۆرمخوازه‌كان بۆ كۆتایهێنان به‌م ئه‌زمونه‌ خراپ و ئیداره‌ فاشیل و مۆدێله‌ گه‌نده‌ڵه‌ بهێنێت‌".

قادری حاجی عه‌لی ئه‌وه‌شی وت"كوردستانی نیشتیمانی ئێمه‌یه‌ و هه‌تا ئێمه‌ش مابین ڕێگا ناده‌ین ببێت به‌سه‌رزه‌مینی شكاندنی كه‌رامه‌تی هاونیشتیمانیانی ئێمه‌ و بێ ڕێزیكردن به‌ مێژووه‌ برینداره‌كه‌ی".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی وتیشی"ده‌مانه‌وێت ڕاشكاوانه‌ پێتان بڵێین، ئێمه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌سه‌ركه‌شین نه‌ ملكه‌چین، نه‌قومار به‌خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ خه‌ونه‌ نیشتیمانیه‌كانیشمان ده‌شارینه‌وه‌، نه‌ حه‌ماسه‌تی درۆزنانه‌ ده‌وروژێنین و نه‌ ده‌شهێڵین نائومێدی ببێت به‌نۆرم و خه‌ونی گۆڕانكاری بكوژێنێته‌وه‌".

سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند"لە ڕووی واقیعیەوە حکومەتی هەرێم لەمڕۆدا لەوە کەوتوە حکومەت بێت، لەوە کەوتوە ئەرکە ھەرە سەرەتاییەکانی حومکڕانیی پیادەبکات و لەوەش کەوتوە سادەترین بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی بەرامبەر ئەم وێرانبوونە ھەمەلایەنە بگرێتە ئەستۆ".

زۆرترین خوێنراو‌