دایك و باوكێك بەهۆی كوڕەكەیانەوە دەستگیركران

PM:02:49:16/04/2018
ژیان:
دایك و باوكی زیندانی سزادراو بە سێدارە، رامین حوسین پەناهی، دەستگیركران و بەرەو زیندان بەرێكران.

بەگوێرە هەواڵی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان، سەر لە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە دایك و باوكی رامین حوسێن پەناهی، بەندكراوی سیاسی سزا دراو بە سێدارە لەلایەن هێزەكانی  ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر كران.

بەگوێرەی وتەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگا و لە رۆژهەڵاتی كوردستان، "باوكی ئەو بەندكراوە بە ناوی خاڵۆ میرزا و دایكیشی ناسراو بە دایە شەریفە دەستبەسەر كران و لەكاتی دەستبەسەر كردنی ئەو دایك و باوكە پیرەدا وێڕای بێڕێزی پێكردن، داویاننەتە بەر لێدان و سووكایەتی".

ئەوە لە كاتێكدایە كە حوكمی رامین كاردانەوەی چالاكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە و پێشبینی دەكرا نارەزایەتی ناخۆیی لە شاری سنە لێ بكەوێتەوە، ئەو بەندكراوە لە ساڵی رابردوودا دەستگیر كراو لە كۆتایی مانگی یەكی ئەمساڵدا بەیەكەم دانیشتنی دادگا حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 ئەو زیندانەی كورد بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەندام بوون لە حزبێكی كوردیدا تۆمەتبار كرا بوو، بەڵام رامین تۆمەتانەی كە خراونەتە پاڵی ڕەد كردووەتەوە.


زۆرترین خوێنراو‌