فراكسیۆنی یەكێتی داوای بەپەلەی لە تیمی یەكێتی لە حكومەت هەیە

PM:03:47:16/04/2018
ژیان:
فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان داوای چارەسەركردنی موچەی پاسەوانانی هەرێم دەكات.

لە نامەیەكی بەپەلەدا كە ئاراستەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان داوا دەكات هەرچی زووە كێشەی پاسەوانانی هەرێم چارەسەر بكات. 

لە نوسراوەكەدا كە رێواز فایەق، لەجیاتی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "لەكاتی سەپاندنی سیستەمی پاشەكەوت بەسەر موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان، كارمەندانی یەكەی پاسەوانی ستەملێكراوترین توێژبوون، رێژەی پاشەكەوت لە موچەكەیان نزیكەی %70 بوو، لە ئێستاشدا كە رێژەی  پاشەكەوتی سەرجەم موچە خۆران كەم كراوەتەوە، كارمەندانی ئەو یەكەیە لە چارەنوسی خۆیان و بژێوی خێزانەكانیان دڵنیا نەكراونەتەوە".

ئەو فراكسیۆنە داوا دەكات كە جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمی یەكێتی لە حكومەت هەوڵبدەن تاوەكو موچەی ئەو كارمەندانەی یەكەی پاسەوانی هاوتا بكرێتەوە لەگەڵ یەكەكانی پۆلیس، چونكە ئەگەر نا هاوسەنگی هەبیت لە موچەكانیان ئەوە تاوانی ئەوان نیە و بەرپرسەكانیان تاوانبارن كە ئەركی راستەقینە و یاساییان پێ ناسپێرن.  


زۆرترین خوێنراو‌