یەكێتی مامۆستایان: کارتی مامۆستایانی ناڕازی سوتاوە

PM:06:43:05/01/2017
كورد میدیا: زانكۆ سەردار
بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات چونە بەردەم بارەگای حزبەكان لەلایەن مامۆستایانی ناڕازیەوە لەئێستادا كارتێكی سوتاوە، دەبوو زووتر ئەوەیان بكردایە و فشاریان بخستایەتە سەرئەو حزبانە.

سەنگەر فایەق جێگری سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە(كورد میدیا)ی ڕاگەیاند"راستە بەشێك لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسیەكانن، بەڵام پێمان وایە لەئێستادا چونە بەردەم بارەگای لایەنە سیاسیەكان درەنگە و دەبوایە لەسەرەتای ساڵەوە ئەوە بكرایە".

ئەوەیشی باسکرد"ئێمە لەوڵاتێكدا دەژین كە نەدەسەڵات وەكو پێویست گوێ لەداخوازیەكانی سەرجەم چین و توێژەكان دەگرێت، نەحزبە سیاسیەكانیش وەكو پێویست دەتوانن فشار لەسەر دەسەڵات دروست بكەن، هەمیشە ئێمە وتومانە ئەم حكومەتەی هەیە حكومەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەرچەندە چەند حزبێكی دیكەش بەشدارن بەڵام دەسەڵاتی یەكەم لای پارتیە و ئەوانیش بەمەبەست سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵكی تیكەڵ كردووە".

سەنگەر فایەق جەختیش لەوە دەكاتەوە"ئەگەر زووتر ئەمە بكرایە باشتر بوو".

باسی لەوەشکرد"بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەكرێت بۆ كپكردنی دەنگی ناڕازی كۆمەڵێك خەڵكە، پەیامی مامۆستایان كاتێك دەگات كە فشاری مەدەنی هەبێت و فشارەكانیش لە كاتی خۆیدا بكرێت، نەك وەكو ئەوەی ئێستا دەكرێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە چونە بەردەم بارەگای حزبەكان كارتێكی سوتاوە".

دەشڵێت"ئێمە وەكو یەكێتی مامۆستایان بەردەوامین لە هەوڵەكانمان و پرۆژەشمان هەبووە بۆ چارەسەری كێشەكانی مامۆستایان، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتێكدا دەژین كە دەسەڵاتەكەی كەڕ و كوێرە، ئەو دۆخەی ئێستا هاوڵاتیانی تێكەوتوون پاشكۆی قەیرانێكی سیاسیە، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسیەكان رێك بكەون و دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە".