ئەنجومەنی وەزیران زەوی دابەشكردن دەست پێدەكاتەوە

PM:07:19:05/01/2017
سەرۆكایەتی شارەوانی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی دابەشكردنی زەوی بۆ خەڵكی سنورەكە چاوەڕوانی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی تایبەت بە بڕیاری دابەشكرنی زەوی بەسەر هاووڵاتیانی سنورەكەدا تایبەت بە (كورد میدیا)ی ڕاگەیاند"بەمەبەستی سودمەندبوونی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت، بەتایبەتی ئەوانەی كە تائیستا سودمەندەنەبوون لە زەوی وەرگرتن، لەماوەی رابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان داوایەكی هاووشێوەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە هەركات لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوەكە پەسەندكراو بوو بە بڕیار، ئەوكات وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەستدەكەین بە دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەو كەسانەی كە شایستەن زەوی وەربگرن".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری خستەڕوو وتی"زەوی وەرگرتن تەنها ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە كە هەژاروكرێنشینن و هاوكات خێزانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگەو فەرمانبەران و چینی مامۆستایانی سنوری سلێمانی دەوروبەری دەگرێتەوە".

بەپێی ئەو زانیاریەی دەست كورد میدیا كەوتووە تا ئێستا هیچ زەویەكی ئامادەكراو بەمەبەستی دابەشكردن لە سنوری شارەوانی سلێمانی و دەوبەری نیە، بەڵام هەركات بڕیاری زەوی دابەشكردن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەندكرا، ئەوكات راستەوخۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رێوشوێنی گونجاو بەمەبەستی ئامادەبكردنی زەوی دەگرێتەبەر.