ئومێدی نەی: هونەری میللی بە ژنان جوانتر دەبێت

PM:01:20:30/11/2018
ژیان: ترێ‌ رەشید
ئومێدی نەی، ئەو هونەرمەندەی زیاتر لە سێ‌ دەیەیە لەنێو دونیای هونەری میللیدا خزمەتی هونەری كوردی كردوە، جگە لەوەی دڵخۆشە بەهەبوونی چەندین گەنجی باش لەنێو هونەری میللیدا، داواشیان لێدەكات باشتر بتوانن پەرە بەهونەرەكەیان بدەن.

هونەرمەندی میللی ئومێدی نەی بۆ ژیان دەڵێت:" لەسەرەتای هەشتاكانەوە بە كاریی میوزیك دەستم پێكرد و لەو دەستپێكەشمدا كوردە سابیر، جەمال شادان  و رەحیمی نەی هاوكارێكی جدییم بوون، لەو سەردەمەی من وەك میوزیكژەنی باڵەبان دەستم بە كاری هونەریی كرد و دواتریش وەك گۆرانیبێژ".

باسی لەوەشكرد كە جیاوازی زۆر لە ئەوكات و ئێستا هەیە لە رووی تێكست و هۆنراوەوە تا دەگاتە میلۆدی و تەنانەت دەنگیش، هەر چەندە ماندووبوونی هونەرمەندانی ئێستاش بەرز دەنرخێنێ، بۆیە ئومێد دەكات هونەرەكە بە هەمووان باش و باشتر بكەن لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هونەری میللی كوردی.

دەشڵێت، رێگاكانی گەیاندنی هونەر بە وەرگر زۆربوە، بەڵام ئەوكات زۆر كەمبوو كە ئەمەش كۆسپێكی گەورەبوو بۆ هونەرمەندان، هەروەها دەستكەوتنی كەل و پەلی هونەری لەوكات و ئێستا زۆر جیاوازە كە ئەو كاتە بۆ یەك (پیكی) باڵەبان ئەبوایە بچێتە كەركووك بۆلای داودییەكان ئەویش ئەگەر بەدەستی بكەوتیایە.

سەبارەت بە پێشوازی ئەم نەوە نوێیەی كە لە ئێستادا بە شێوەیەكی جیاواز لەنێو هونەری مییللیدا خزمەت دەكەن، ئومێدی نەی دەڵێت"خەڵك و هونەرمەند تەواو كەری یەكترن، بۆیە پاڵپشتی خەڵك بۆ هونەرمەندان گرنگە و ئەوەش بە پێشوازی باش و باشتر لەهونەرمەندان لەلایەن خەڵكەوە دەبێت، خەڵك لە ئێستادا لە بری ئەوەی گوێ لە گۆرانی نەتەوە و زمانەكانی دیكە بگرن، گوێ لە هونەری كوردی دەگرن، هەروەها بەبۆچوونی من وەك هونەرمەندێكی میللی پێویست ناكات بەرهەمی بیانی بهێنرێتە نێو هونەری خۆمان و ببینە بەشێك لەدرێژە پێدەری كلتوری وڵاتانی دیكە، چونكە بەڕاستی ناكرێت هونەرمەند كە لەهەربوارێكدا كار دەكات ببێتە هۆكاری رەنگدانەوەی هونەر و كلتوری وڵاتانی بیگانە لەنێو خۆی و نەتەوەكەیدا.

ئەو هونەرمەندە میللیە باس لەوەشدەكات كە كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا هاتونەتە نێو بواری هونەری میللیەوە و هۆكاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە بەشێكی زۆر لە خەڵكی زیاتر چێژ لە گۆرانیە كوردییەكان وەردەگرن و پێشی وایە تەبایی نێو هونەرمەندانی میللی بۆخۆی كاریگەری باشی لەسەر گوێگران هەیە دەشڵێت، كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا كارەكانی خۆیان پێشكەش بەهەوادارەكانیان دەكەن و توانیویانە هەواداری باشیش لە خۆیان كۆ بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار هەندێك هونەرمەند وشەی نەشیاو تێكەڵ بە هونەرەكە دەكەن و ئەوەش وەها دەكات جۆرێك لە ناشرینی نیشان بدرێت، بۆیە گرنگە هونەرمەندی میللی تەبابن لەناو یەكتردا لەپێناو باشتر كردنی كوالێتی كارەكانیان.

ئومێدی نەی جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە هاتنی ژنان بۆ ناو هونەریی میللی جێگەی دەستخۆشییەو پێی وایە هونەرەكە بەرەو جوانتر دەبات و وای دەبینێت كە ژمارەی ژنان لەنێو ئەو هونەرەدا پێویستە بەرەو زیاد بوون بچێت، هەرچەندە بە پێویستیشی دەزانێت حكومەتی هەرێم هاوكاری جدی هونەرمەندانی میللی بكات تاوەكو هونەرمەندە میللیەكان ناچارنەبن لەدەرگای هەموو كەسێك بدەن بۆ بەرهەمهێنانی كارێكی هونەری.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی كە زۆرجار هونەرمەندانی میللی باسیدەكەن كە لەدانیشتنەكاندا وەری دەگرن دەڵێت"موزیكسیانەكان پێش وەختە لەگەڵ هونەرمەندە گۆرانیبێژەكاندا رێكدەكەون بەوەی ئەو پارەیەی دەستیان دەكەوێت دابەشی بكەن یاخود گۆرانی بێژەكە بڕە پارەیەك دیاری دەكات و ئەگەر مۆزیكسیانەكە بەدڵی بوو ئاهەنگەكە رێك دەخەن.