زرنگ فاروق مەلا مستەفا: پشكەكانی ئاسیاسێڵ لە بۆرسەی عێراق بەجێگیری دەمێننەوە

PM:08:19:05/12/2018
ژیان:
بەگوێرەی دواهەمین راپۆرتی پشكدارەكانی ئاسیاسێڵ، سەرمایەی ئاسیاسێڵ بەجێگیری ماوەتەوە و لەناوخۆی ئاسیاش كۆمەڵێك گۆڕانكاری نوێ‌ دەكرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەی پشكدارەكانی ئاسیاسێڵ كە رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو لە هوتێل گراند میلنیۆم(شاری جوان) لە سلێمانی ئەنجامدراوە، دووبارە فاروقی مەلا مستەفا وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن هەڵبژێردراوەتەوە.

لەكۆبونەوەكەدا كە پێداچونەوە بە ئەژمار و پشكەكان كراوە لەنێوان سەرۆك و خاوەن پشكەكان، جەخت لەسەر گەشەپێدانی پشكەكان كراوەتەوە.

بەگوێرەی ووتەی تەها ئەحمەد، سەرۆكی جێبەجێكاری بۆرسەی عێراق بۆ ژیان:" ئاسیاسێڵ یەكێكە لەكۆمپانیا نمرە دارەكانی بەشدار لەبازاڕی كاغەزە داراییەكانی عێراق و بەچالاكانە كارەكانی خۆی دەكات".

پشكی ئاسیاسێل لە بۆرسەی عێراق تا كۆتایی ٢٠١٨ بە ٣١٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، كە ئەم پشكە لەدانیشتنی رۆژی ٢٦ مانگ قازانجەكەی لەنێوان پشكدارەكان بەڕێژەی 100% دابەشكراوە، هاوكات سەرۆكی و جێگری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیش بەڕێژەی ٣٠٠ ملیۆن دینار و ئەندامانی ئەنجومەنیش بە ١٥٠ ملیۆن دینار پاداشت كراون.

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ: هەر كارمەندێكمان وازبهێنێت موچەی ١٠ مانگی بەسەریەكەوە بۆ خەرج دەكرێت 


زرنگ فاروق، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەبارەی پشكەكانی ئاسیاسیڵەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دۆخی ئاسیا لە بۆرسەی عێراق جێگیرە و ئاسیا توانیویەتی پشكەكانی لەسەر بنەمای باشترین سود بۆ بەشداران دابەش بكات ووتیشی "ئاسیا لە بۆرسەی عێراق پشكی هەیە و لەسەر بنەمای یاسای عێراقی بەشداری كردووە لەبازاڕی كاغەزە داراییەكان عێراق".

بەگوێرەی زانیارییەكانی ژیان، ئاسیاسیڵ سەرباری جێگری پشكەكانی لەبازاڕی كاغەزە داراییەكانی عێراق ئێستا سەرقاڵی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ناوخۆییە بەئاڕاستەی پێشكەوتنی كۆمپانیاكە زیاتر بەرەو پێشبردنی، یەكێك لەوشتانەش چاكسازییە لە ئیدارەدانی سەرچاوە مرۆییەكانی ئاسیاسێڵ.

یەكێك لەكارمەندەكانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەبارەی ئەو گۆرانكارییانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئاسیا كارمەندەكانی سەرپشككردووە هەركەسێك بیەوێت وازبهێنێت ئەوا موچەی ١٠ مانگی بەسەر یەكەوە دەدرێتێ‌ ووتیشی "بەشێك لەكارمەندەكان كە نیازمەندن بەپارە ئەگەری هەیە ئەو ئۆفەری ئاسیا قبوڵ بكەن".

زرنگ فاروق، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاسیاسێڵلەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە ئەوەی بۆ ژیان رونكردەوە، ئاسیا ئۆفەرێكی باشی خستووەتەوە بەردەم كارمەندەكانی لەپێناو چاكسازیكردن لەسەرچاوە مرۆییەكانی ئەویش ئەوەیە "هەر كارمەندێك سەرپشكە لەوەی ئاسیاسیڵ بەجێبهێڵێت یان بمێنیتەوە، بەڵام ئەگەر بیوێت وازبهێنێت ئەوان موچەی ١٠ مانگی بەسەریەكەوە بۆ خەرج دەكرێت، ئەمەش بەلای بەشێك لەكارمەندەكانەوە سەرنجڕاكێشە".

لەسەر بنەمای داوكاری ٪١٠ی پشكدارەكان ئاسیاسێل بڕیاریداوە پێوەری ژمێریاری دارایی جێبەجێبكات


زرنگ فاروق، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاسیاسێڵ جەختیشی لەوەكردەوە، هیچ كارمەندیًك لەئاسیا نەخراوەتە ژێر فشار لەبارەی گۆڕانكاری لەسەرچاوە مرۆییەكان، هەموو شتێك بەخواستی كارمەندەكان دەڕوات ئاماژەی بەوەشكرد كە تاوەكو ئێستا هیچ كارمەندێكی ئاسیاسێڵ لەژێر فشاردا وازی نەهێناوە، كەسێكیش ئۆفەرەكەی ئاسیا قبوڵ بكات یان نا سەرپشك كراوە.

بەگوێرەی باجی كۆمپانیاكانی سلێمانی ئاسیاسێڵ تاكە كۆمپانیای كوردییە، كە باجەكانی ساڵانە بەشێوەیەكی رێكخراو دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی باجی كۆمپانیاكان جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە ئاسیاسیڵ هیچ قەرزێكی باجی لەسەر نیە.

هەر بەگوێرەی دانیشتنی كۆتایی پشكدارەكانی ئاسیاسێڵ و لەسەر بنەمای داوكاری ٪١٠ی پشكدارەكان ئاسیاسێل بڕیاریداوە پێوەری ژمێریاری دارایی جێبەجێبكات.

زۆرترین خوێنراو‌