"كۆمپانیا ئێرانیەكان زۆترین و سعودیەو ئەمریكا كەمترین ئامادەییان لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی هەبوو"

PM:09:38:05/12/2018
ژیان: وریا حوسین
سلێمانی هەفتەیەكی پڕ چالاكی بازرگانی بەڕێكرد، لەترۆپكی چالاكیە بازرگانیەكانیش كە لەچوارچێوەی ١٣ هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بوو تێیدا ١٢ گرێبەست واژۆكران.

سەرەتای هەفتەی رابردوو ١٣ هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی كرایەوە تێیدا ١٨٠ كۆمپانیای جۆراوجۆر بەشدارییان تێداكرد، بەگوێرەی دواهەمین ئاماری پێشانگاكەش "لەچوارچێوەی پێشانگاكەدا 12 گرێبەستی ئابوری و بازرگانی لەنێوان بازرگانانی ناوخۆ و دەرەوە واژۆكراوە.

داستان فازڵ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای عێراق تەقەدووم كە سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی یە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد " پێشانگاكە بەسەركەوتوویی كارەكانی بەڕێوەبردووە، هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ روینەداوە".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای عێراق تەقەدووم جەختیشی لەوەكردەوە، پێشانگاكە وڵاتە جیاوازەكان بەشداریانن تێداكردووە كاڵاكانیان لە پێشانگاكەدا نمایش كردووە ووتیشی "جگە لە كۆمپانیا بیانیەكان ئێرانیەكان زۆرترین بەشدارییان لە پێشانگاكەدا هەبووە".

بازرگانان ئەم هەفتە چالاكیە بازرگانیەی لە سلێمانی بوونیان هەبووە، بڕوایان وایە سەرباری ئەو كەموكوڕیانەی هەیە، بەڵام هێشتاش چالاكیەكان گرنگیان بۆ شاری سلێمانی هەیە.

جگە لە كۆمپانیا بیانیەكان ئێرانیەكان زۆرترین بەشدارییان لە پێشانگاكەدا هەبووە


ئازاد شمقار، ئەندامی ژوری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی بڕوای وایە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە خاوەن تەكسییەكەوە تا خاوەن هۆتێل، چێشیخانە و خەڵكانی تر سودیان لێوەرگرتووە بەشێوازی جیاواز، ئاماژەی بەوەشكرد كە هەموان سود لە كردنەوەی پێشانگاكە وەردەگرن، بەتایبەت بۆ جوڵەی بازرگانی كارێكی گرنگە بۆ سلێمانی ئەم چالاكیە بازرگانیانە هەبن.

ئەو ئەندامەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نایشارێتەوە بەهۆی ئەوەی دۆخەكە سەرپێ‌ نەكەوتووە پێشانگای ئەمساڵ لەئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نەبووە ووتیشی، لەڕووی كوالێتی كۆمپانیاكانەوە كێشە هەبوو، چونكە كۆمپانیا ئامادەبوەكان نوێنەری كۆمپانیاكان بوون نەوەكو كۆمپانیا سەرەكییەكان.

لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ئێران زۆرترین سودی وەرگرت و سعویەش كەمترین ئامادەیی لە پێشانگاكە هەبوە، بەجۆرێك بەگوێرەی ئامارەكانی پێشانگاكە ئێران لەپێشەوەی هەموو كۆمپانیاكان بووە لەكۆی ١٨١ كۆمپانیا ٣٠ كۆمپانیایان ئێرانی بوون، بەڵام تەنها یەك كۆمپانیایان سعودی بوو، هاوكات كۆمپانیاكانی دیكەش (١٢ یان توركی، ١٦یان میسری، ٨ یان پاكستانی، ٤یان هندستانی، ٣ یان ئەڵمانی، ١ كۆمپانیاش سعودی، یەك كۆمپانیاش سعودی، ١٢شیان عێراقی بوون).


كۆمپانیاكانی وزەش بەشێك بوون لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی توانیانە گفتوگۆی بازرگانی لەنێوان خۆیان و هاوشێوەكانیان دروستبكەن


هاوكاتی پێشانگاكەش ٥ كۆمپانیای ئێرانی لەگەڵ هاوردە و هەناردەكارانی هەرێم كۆمەڵێك گرێبەستیان ئەنجامدا، بەگوێرەی ووتەی جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكاران شێخ عەتا محمەد توانیویانە سەركەوتنێكی باش بەدەستبهێنن.

ئەو لەبارەی ئەو پێنج گرێبەستەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە گرێبەستەكان كاریگەری باشیان لەسەر هاوردە و هەناردەكردن دەبێت دەتوان جێ‌ پەنجەی خۆیان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران دابنینَن و ئەو كۆمپانیا گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئەنجامدراوە ئێرانین، ئەمەش بۆ سلێمانی كە هاوسنوری لەگەڵ ئێران كاریگەری باشی دەبێت.

جیاواز لە پێشانگاكانی دیكە پێشانگای ئەمساڵ كۆمپانیاكانی ووزە بەشداریان لە پێشانگاكەدا كرد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای عێراق تەقەدوم ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "كۆمپانیاكانی وزەش بەشێك بوون لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی توانیانە گفتوگۆی بازرگانی لەنێوان خۆیان و هاوشێوەكانیان دروستبكەن".

پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ٦ ڕۆژ بەردەوامی هەبوو، لەو ماوەیەشدا ٣٠ هەزار كەس سەردانی پێشانگاكەیان كردووە.


زۆرترین خوێنراو‌