مەسعود بارزانی بڕیاری داخستنی ڤی ئای پی هاتوچۆی هەولێری دەركردوە

PM:01:42:06/12/2018
ژیان:
پاش ئەوەی لەبەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی هەولێر بەشی ڤی ئای پی بۆ ڕایكردنی مامەڵە بە پارە كرایەوە، ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بەپێی زانیارییەكانیش بڕیاری داخستی ئەوبەشە بارزانی دەری كردوە.

دوێنێ‌ چوار شەممە، لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشی ڤی ئای پی كرایەوە، ناڕەزایەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناو بەوهۆیەشەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (تۆڕى هەواڵی ژیان) كەوتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داخستنی بەشی ئای پی دەركردوە.

هاوكات سەرچاوەیەك لەهاتوچۆی هەولێرەوە ئەوەی رونكردنەوە، دەبوو ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەوە بەشە لەبەڕێوەبەرێتییەكەیان دەست بەكار بوایە، بەڵام بەبڕیاری مەسعود بارزانی كارەكانی بەشەكە ڕاگیراوە و رێنماییەكانیش هەڵوەشێنراو نەتەوە.

هەر لەوچوارچێوەیەشدا، هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی پرێس كۆنفراسێكدا ڕایگەیاند"ئەگەر ئەمە بۆ جیاكاری نێوان هاوڵاتیان بێت ئێمە رەتیدەكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوێنی بەدواداچوونمان لەسەر كردو و سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاتوچۆی هەولێرمان كرد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ پێی راگەیاندین كە بەشی ڤی ئای پی راگیراوە".

دوێنێ‌ چوار شەممە هاتوچۆی هەولێر كردنەوەی بەشی ڤی ئای پی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، هەر كەسێك مەبەستی بێت بەو شێوازە مامەڵەكەی بەزوویی بكرێت، دەبێ بڕی 100 هەزار دینار بدات.


زۆرترین خوێنراو‌