داعش؛ مۆتەكەی ئێزدیەكان شەنگالیەكان بێ هیوابوون لەگەڕانەوەیان

PM:02:30:06/12/2018
ژیان: عەمار عەزیز
خودێدا قاسم ئاوارەیەكی ئێزدیە خەڵك شەنگالە ماوەی چوار ساڵە لە كەمپی شاریا نیشتەجێ یە و خاوەنی حەوت منداڵە و بێهوابووە لە گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیان، لە كۆی 600هەزار ئاوارەی ئێزدی تەنها 15% گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

خودێدا قاسمی ئاوارە بە ژیان¬ی وت :"دوای ئەوەی لە 3 ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش دەستیان بەسەرشەنگالداگرت ئێمە ئاوارەی پارێزگای دهۆك بووین، ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە ژیانێكی پڕ لە سەختی و بێ خزمەتگوزاری لەناو كەمپدا بەسەردەبەین".

خودێدا ئاماژەی بەوەشدا كە لەسەرەتای هاتنی ئەوان بۆناو كەمپ بەشێكی زۆر لە رێكخراوەكانی ناوخۆ و دەرەوە هاوكاریان دەكردن، بەڵام ئێستا تەنها مانگانە بڕە پارەیەكی كەم بە ئەوان دەدرێت و لەگەل دابەشكردنی بڕێكی كەم لە خۆراك كە بەشی ژیانێكی ئاساییان ناكات، دەبێت لە دەرەوە كەل و پەل و خۆراك بكڕن.

بەهۆی ئەوەی ئەو خێمە(چادر)انەی بە ئاوارەكان دراوە لە ساڵی 2014 پێیان دراوە بۆیە كۆن بوون و ئاوارەكان لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین ناپارێزن بۆیە ئاوارەكان داوای گۆڕینیان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ رێكخراوێك بە دەنگیانەوە نەچوون،
لەبارەی ئەگەری نەگەڕانەوەیان بۆ قەزای شنگال ئەو ئاوارەیە دەڵێت:" ئێمە چۆن بگەڕێینەوە تاوەكوئێستا رێگای نێوان دهۆك و سحێلا و قەزای شنگال نەكراوەتەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بچینە شنگال دەبێت یەكمجار بچینە موسڵ دوای ئەوە بەرەو شنگال بڕۆین، ئێمەش نامانەوێت لە پێش چاوی دوژمنەكانی خۆمان كە داعشن بگەڕێینەوە".

ژنێكی ئێزیدی : ئەگەربگەڕێینەوە دەترسین جارێكی تر داعش ناوچەكانی ئێمە داگیر بكات


لەیلا خەلەف ژنێكی ئێزدی یە تەمەن 35 ساڵە پێنج منداڵی هەیە و تاوەكو ئێستا سێ لە كەس و كارەكەی لە ژێر دەستی داعشدا ماون، لەیلا بە ژیان¬ی وت :"ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە دەترسین جاریكی تر داعش بگەڕێتەوە و ناوچەكانی ئێمە داگیربكاتەوە و كارەساتێكی تر بەسەرمان بێتەوە، بۆیە تاوەكو گرەنتیەكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنمان نەبێت ئێزدیەكان جارێكی تر ناگەڕێنەوە، حكومەتی هەرێم تاڕادەیەكی باش هاوكاری ئێمەی كردووە، بەڵام ئێمە گلەیی زۆر مان لە حكومەتی عێراق هەیە هیچ هاوكاریەك بەسەر ئێمە دابەش ناكەت".

لەیلا ئاماژەی بەوەشكرد كە زیاتر لە مانگێكە وەرزی سەرما و باران دەستی پێكردوەو یەك لیتری نەوتی سپیان وەرنەگرتووە، بۆیە وەك گلەی دەڵێت، بەچی خۆمان گەرمبكەینەوە، بارودۆخی ئێمە زۆر خراپە داوا لە حكومەتی عێراق و رێكخراوەكان دەكەین هەموو جۆرە هاوكاریەك بەسەرئاوارە ئێزدیەكان دابەش بكەن".

فەهد حامد، قائیمقامی قەزای شەنگال بە ژیان¬ی ووت:" نەگەڕانەوەی ئاوارەكان پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە، ژمارەی فەرمانبەرانی قەزای شەنگال نزیكەی سێ هەزار فەرمانبەرن تاوەكو ئێستا كەمتر لە هەزار فەرمانبەر گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و فەرمانگەكانی دادگا، كشتوكاڵ، رەگەزنامە و بانك لەو قەزایە نەكراونەتەوە بەهۆی نەگەڕانەوەی فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە، چەندین جار هەوڵمان دایە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بۆئەوەی رێگای شەنگال بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا رێگاكە بە داخراوی ماوەتەوە ئەمەش زۆر كاریگەری لە سەر نەگەڕانەوەی ئاوارەكان كردووە".

لەبارەی ئاوەدانەكردنەوەی قەزای شنگال و ئاستی خزمەتگۆزاریەكان ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە دەمێكە ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەك چاكردنەوەی ئەو پردانەی لەكاتی هێرشی داعش تەقێنرابوون و نۆژەنكردنەوەی رێگاكان دەست پێكراونەتەوە و چەندین پڕۆژەی تر لە سنوری قەزای شەنگال جێبەجێ دەكرێن، ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵكی شەنگال بكرێت  بۆ ئەوەی رێژەیەكی زۆر لە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال.

لەبارەی پاككردنەوەی قەزای شنگال لە مین و تەقەمەنی قائیمقامی قەزاكە پێی وایە كە بەشێكی زۆر لە قەزاكە پاككراوەتەوە لە مین و تەقەمەنی، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی هەموو ناحیە و گوندەكانی سنوری قەزای شەنگال پاكنەكراونەتەوە ئێمە لە هەوڵداین ئەو ناوچانەی كە ماون پاكبكرێنەوە بۆئەوەی ئاوارە ئێزدیەكان بەبێ ترس بگەڕێنەوە.

بۆردی كاروباری مرۆیی: لە كۆی 600هەزار ئاوارەی ئێزدی تەنها 15% گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان


سالم سەعید، بەرپرسی راگەیاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی كە سەر بە پارێزگای دهۆكە بۆ ژیان دەڵێت، سەرەتای ئاوارە بوونی خەڵكی شەنگال شەش سەد هەزار كەس لە دانیشتوانی سنوری قەزای شەنگال ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون، لەم ژمارەیەش  40% لە‌  17كەمپ جێگیركران و 60% لە دەرەوەی كەمپەكان نیشتەجێ بوون و تاوەكو ئێستاش نزیكەی 15% ئاوارە ئێزدیەكان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

سالم وتیشی ئاماژەی بەوەشكرد كە تاوەكو ئێستا نزیكەی 400 هەزار ئاوارەی ئێزدی كە دەكاتە 73 هەزار خێزان لە سنوری پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، ئەمەش رێژەیەكی زۆرە، بەڵام سەرەڕای ئەوە پارێزگای دهۆك بە هەمانگی لەگەل رێكخراوەكان بەردەوامە لەسەر خزمەتكردنی ئاوارەكان.

بە قسەی سالم ئەو رێكخراوانەی لە دهۆك كاریان دەكرد ئێستا زۆربەیان لە موسل كاردەكەن، ئەوانیش چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەكو ئاو و كارەبایان هەیە پێویستیان بە چەند رێكخراوێك هەیە بۆئەوەی لە رووی ماددییەوە هاوكاریان بكەن و جێبەجێ بكرێن.

"ئەگەر بمانەوێت بچینە شەنگال دەبێت بچینە موسڵ دوای بچینە شەنگال بەهۆی ئەوەی رێگاكە بۆ دهۆك داخراوە"


بەرپرسی راگەیاندنی بۆردی كاروباری مرۆیی وتیشی، حكومەتی عێراق بەڕێژەیەكی زۆر كەم هاوكاری ئاوارەكانی دهۆك دەكات تاوەكو ئێستا بەشی نەوتی سپی بەسەر ئاوارە ئێزدیەكان دابەش نەكردووە.

بە پێی ئەو گفتوگۆیانەی ژیان ئەنجامیداوە لەگەڵ ئاوارەكان، ئەوان ناگەڕێنەوە، چونكە ژیانیان لەناو كامپەكا خۆشترە لەوەی بچنە شوێنەكانی خۆیان، چونكە تاوەكو ئێستا شوێنەكانیان ئاوەدان نەكرانەتەوە و رێگایەكان نەكراینەوە جگە لەمەش پێشتر چەند خێزانێك گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگۆزاری جاریكی تر گەڕانەوە بۆ شاری دهۆك.

زۆرترین خوێنراو‌