خوێندنی باڵا: باشترین توێژەرانی ساڵ دیاری دەكرێن

PM:05:44:06/12/2018
ژیان:
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، وابڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتو، لە مەراسیمێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باشترین (10) توێژەری ساڵ دیاری بكات و ڕێزیان لێ بگرێت.


عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: لە ئێستادا تیمەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان، سەرقاڵی دیاریكردنی باشترین ئەو توێژەرانەن كە توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەكانی دونیا بڵاوكردۆتەوە، وتیشی لەم هەڵبژاردنەدا پشت بەو داتایانە دەبەسترێت كە زانكۆكان لەڕێگەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانەوە پێشكەشیان كردوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد: پێوەرەكان لەسەر بنەمای ئەو گۆڤارانە دیاری دەكرێـت، كە ئاستیان بەرزە و فاكتەری كاریگەریان هەیە، دواتریش ئەو توێژەرانەی كە زۆرترین فاكتەری كاریگەر كۆدەكەنەوە دەبنە (10) باشترین توێژەرانی ساڵ بۆ ساڵی (2018).

عەباس ئەكرەم وتيشى: وابڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتو كە دەكاتە ڕێكەوتی (11/12/2018) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە مەراسیمێكی شایستەدا لە شاری هەولێر، رێز لە (10) باشترین توێژەری ساڵی 2018 بگرێت.


زۆرترین خوێنراو‌