ساڵح موسلیم: ئێمە پێویستمان بە ناوچەی دژە فڕینە لە هێزی زەمینیدا كێشەمان نیە

PM:10:19:10/01/2019
ژیان:
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە رایگەیاند: كاریگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر هەموو لایەك دەبێت بە كورد و هەرێمەكەشەوە بەگشتی، هەر لەسەرەتاوە توركیا دەیویست شەڕی ناوخۆی سوریا تەشەنە بسەنێت.

ساڵح موسلیم،  بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) رایگەیاند: توركیا نایەوێت هێزی ئەمریكی لەهەرێمەكە بێت تا گرژییەكان زیاتر بن

ناوبراو بە دەنگی ئەمەریكای وت "كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان هەر لەسەرەتاوە پشتیان بەهێزی خۆیان بەستووە بێئەوەی پشت بە هێزێكی بیانی ببەستن، تا كاتی هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەوان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان هاوكاریان كردین، بەڵام ئێمە كاری خۆمان دەكەین پشت بەهێزی خۆمان دەبەستین".


ئەو سەركردە كوردەی سوریا وتیشی "لەعەفرین ئەزمونمان هەیە، كاتێك توركیا هاتە شارەكە جگە لەڕێگەگرتن لە ئاڵا و زمان، هاوكات زمانی توركی و پەروەردەی توركی هێنایە عەفرین، توركیا بە ئومێدی داگیركردنی سوریا و خۆ فەرزكردنە، جگەلەوەی بەهیچ شێوەیەكیش كورد قبوڵ ناكات".

ئەو لەبارەی رێكەوتنی نێوان توركیا ئەمریكا رایگەیاند "تا ئێستا بۆ ئێمە روون نیە ئەو ڕێككەوتنە ئەگەر كراوە لە نێوان ئەمریكا و توركیا چۆنە، ئەوە بەپەلە ناكرێت بە پلان دەكرێت، بەڵام توركیا بۆ هەموو كورد لەهەرشوێنێك یەك تڕوانینی هەیە لەهەر شوێنێك كورد هەبێت توركیا دژایەتی دەكات، دوای ئەوە بابەتی پاراستنی كوردەكان لە ئەستۆی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، قبوڵ ناكرێت هیچ هێزێكی دیكە بێتە ناوچەكەوە".

ئەو خواستی كورد و هێزەكانی سوریای دیموكراتی ئاشكرا كرد وتی "خواستی ئێمە ئەوەبوو كە هەرێمی دژە فڕین هەبێت لە باكوری سوریا، چونكە ئێمە له ڕووی هێزی زەمینیەوە بەهێزین چونكە ئێمە پێویستمان بەوەیە كە پاراستنی ئاسمانی بمێنێت".


زۆرترین خوێنراو‌