وەزیری كۆچ: نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە

PM:07:47:09/04/2017
كورد میدیا:
دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق ئاشكرایكرد كە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە شوێنەكانی نیشتەجێبوونیانی خۆیان، دوای ئەوەی ناوچەكانیان لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنتڕۆڵكراوەتەوە.

لە بەیاننامەیەكدا كە سایتی وەزارەتی كۆچ بڵاویكردۆتەوە دەرباز محەمەد ئاماژەی بەوەداوە، كە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە‌و بەوەش، تائێستا رێژەی لەسەدا 47ی كۆی گشتی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.

"بەرزترین ڕێژەی‌ گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان لە پارێزگای‌ سەڵاحەدین تۆماركراوە كە دەگاتە رێژەی لەسەدا 96، هەروەها كەمترین ڕێژەی‌ گەڕانەوەی‌ ئاوارەكان لە ناوچە ئازادكراوەكانی‌ پارێزگای‌ نەینەوا تۆماركراوە كە ڕێژەكەی‌ تەنیا لەسەدا 7 بووە”.

وەزیری كۆچ‌و كۆچبەران پێشبینی ئەوەشیكردووە، لە مانگەكانی داهاتوودا رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بگاتە لەسەدا 60‌و پرۆسەكەش بەردەوامی دەبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارێكی پێشتری هەمان وەزارەت، لەبەری راستی موسڵەوە زیاتر لە 260 هەزار كەس ئاوارەبوون بەهۆی شەڕ‌و پێكدادانەكانی دژ بەداعش، پێشبینی دەكرێت 150 هەزاری دیكەش شوێنەكانی خۆیان بەجێبهێڵن.

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی‌ هاوڵاتی مەدەنی‌ لە بەری‌ رۆژئاوا (راستی)‌ شاری‌ موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت‌و پێشبینی ئاوارەبوونی زیاتر لە 300 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.

تەواوی ئاوارەكان لەلایەن تیمەكانی فریاگوزارییەوە، هاوكاری سەرەتایی كراون‌و بەسەر كەمپە جیاوازەكاندا دابەشكراون لە سنوری نەینەوا‌و هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكیشیان لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی بەری چەپی موسڵ نیشتەجێبوون.

زیادبوونی ژمارە ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد‌و تائێستا هێزە عیراقییەكان، چەند گەڕەك‌و ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.

ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە‌ 17ی‌ تشیرینی دووەمی‌ 2016 بەبەشداری‌ هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی‌ پێشمەرگە دەستیپێكرد‌و بەهۆیەوە، رۆژانە سەدان خێزان ئاوارەی‌ ناوچە ئارامەكان دەبن.