ئەگەر مریەم ئەمەریكی بوایە

زانكۆ سەردار

ئەو ئێوارەیەی لەگەڵ (مریەم هەڵەبجەیی) قسەم كرد، باشتر لەوە تێگەیشتم كە چەندە میللەتێكی داماو و بێ كەسین، تێگەیشتم كەچەندە مرۆف لەم مەملەكەتە بێ بایەخ كراوە و بون و نەبوونمان وەك یەكە، مریەم بە گریانەوە پێی دەوتم (من كچی ئەم نیشتمانەم)، ئاخر ئەو ڕاستگۆ لەوەی كە كچ بونی نیشتمان چەندە بەئازار و پڕ مەینەتە و هێشتاكە جێگەی دڵخۆشی ئەویشە.

مریەم پاش تێپەڕینی27 ساڵ بەسەر ئاوارەی و دووربوون لە نیشتمانەوە، بەكۆڵێك خەون و خەیاڵ و بەكۆڵێك بەرنامەوە گەڕایەوە و دەستی بەگەڕان كرد بەدوای خانەوادەكەیدا تاوەكو بتوانێت وەك هەركچیكی دیكەی نیشتمانی بۆنی كەس و كارەكەی بكات، بەڵام بەد بەختی ئەو كچە لەوێوە دەستی پێكرد كە نەیان هێشت بەردەوامی بدات بەو بۆنەو بوەوە بەیەكێك لە قوربانیەكانی بێ بەرنامە و پلانی و ئەم حكومەتە، رۆژێك پێیان دەوت تۆ خاوەنی خانەوادەیت كە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (18/8/2015) و رۆژێكی دی كەپاش دووساڵ و لە 10/4/2018 مێژووی 27 ساڵی رابردویان بۆ دووبارەكردەوە و لەئامێزی خانەوادەیان ترازاند، ئەو ترازاندنەش دنیایەك گومان و پرسیاری بەدوای خۆیدا هێنا.

لێرەوە دەكرێت بەجدی قسە لەسەر گومان و پرسیارەكان بكەین، گومان لەوەی لەئێستادا 74 خانەوادە چاوەڕێی 109 منداڵی وون بوون، هاوكات بەدەر لە مریەم هەڵەبجەیی دوومنداڵی دیكە بەناوەكانی (ئەعزەم و ئالان) جارێكی دیكە دەبێت پشكنینی (DNN)یان بۆ بكرێتەوە، باشە ئەگەر حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار لەدۆخێكی وەهادا كە چارەنوسی مرۆڤی پێوە بەندە نەتوانێت خاوەنی تاقیگە و پشكنینێكی تەواو پێشكەوتوو بێت و بەكاری بهێنێت، ئاخۆ دەبێت چاوەڕێی چی لێبكرێت، باشە ئەگەر حكوتێك نەتوانێت نرخ بۆ تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە دابنێت، دەچێت چاوەڕوانی چی لەبەرامبەر كۆی گشتی كۆمەڵگە لێ بكرێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر مریەمدا هات، بەسەر كۆی گشتی كۆمەڵگەی كوردیدا هاتووە، چونكە دۆخی مریم پێی وتین ئێمە هەموومان بێ دایك و باوك و بێ ناسنامەین و ناتوین خاوەنی خۆمان بین، بەڵكو تاكە شتێك خۆمانی پێ دڵ خۆش دەكەین ئەوەیە كە منداڵی ئەم نیشتمانەین، منداڵێك بەبێ هەبوونی ناز و سۆز و ئامێزێكی ئارام.

سەیری چەند میللەتێكی داماوین، ئەگەر بهاتایاو مریەم كچی ئەم نیشتمانە نەبوایە، واتا بڵێین هاوڵاتیەكی ئەمەریكی یاخود هەر وڵاتێكی دیكە بوایە، ئێستا بەدەیان فیلم و بەدەیان رۆمانی لەسەر دەنوسرا، بەدەیان چیرۆكی لێدروست دەكرا كە بتوانێت لەڕێگەیەوە ناسنامەی نیشتمانێك بە چاوی دونیا نیشان بدات، دڵیام كچی هەر نیشتمانێكی تربوایە و بەو ئەنجامە گوماناوییەوە بیانخستایەتەوە بەردەم گەڕێكی دیكەی گەڕان بەدوای خانەوادەدا، لانی كەم سەرۆك و جێگر و كۆی بەرپرسانی حكومی ئەو نیشتمانە دەستلەكاركێشانەوەیان ڕادەگەیاند و دەیانگووت "ببورەن، نەمانتوانی خاوەنداری منداڵێك بكەینەوە كە 27 ساڵە بەبێ ویستی خۆی وونبووە، بۆیە ئەمڕۆ كۆتایی بە حكومڕانیمان دەهێنین".

مریەم بە گریانەوە پێی ووتم، دڵمشكا، پشتم شكا، نازانم چارەنوس بۆ كوێم دەبات، بەڵام بەم هەموو ماندوو بونەشەوە، بەم هەموو ئازار دانەشەوە من هەر كچی نیشتمانم، بەڕاستی منیش دەڵێم، ناكرێت هەم مریەم كچی ئەم نیشتمانە بێت و هەم ئەو بەرپرسانەش كە نەیانتوانی خاوەندارێتی لە مریەمەكان بكەن، منداڵی ئەم نیشتمانە بن.


PM:03:47:16/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌