سەردانێكی درەنگ بەڵام پێویست بۆ بەغدا

بێستون فایەق

هەرێمی كوردستان كەمترین پەیوەندی حكومی و دامەزراوەیی لە ئاستی بەغداو ناوچەكەو  جیهاندا هەبوەو هەیە، ئەوانەی بەناوی كورد و هەرێمی كوردستانەوە لەئاستی دەرەوە وەك نمایندە خۆیان نمایش كردوە یەكێتی و پارتی و بنەماڵەو باڵە دەستڕۆیشتوەكانیان بون.

یەكێتی و پارتی  وەك حزب، وەك بنەماڵە و خێزان پەیوەندیان بە تاران و تورانەوە هەیە لە گەڵ شیعەو سونە، سوپا و میلیشیاو حەشد و میت و ئیتلاعات  هتد...
 
كۆ دەبنەوە و دەیان سەوداو جموجۆڵی ناڕونیان لەگەڵ دەكەن و هیچ كات ڕێگەیان نەداوە پەیوەندیە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و بازرگانی و ئابوریەكانی كوردستان وەك حكومەت و وەزارەت بكرێت و مەجرای كاری دەوڵەتی و دامەزراوەیی خۆی وەربگرێ.
 
تا ئەو كاتەی پەیوەندیە گشتی و كایەكانی تر بە تەواوی دەكەونەوە دەست دامەزراوە دەوڵەتی و رەسمیەكان كە ئێستا ئەو دامەزراونە تەواو بێ رۆڵ و ناكاران و پەیوەندیە رەسمی و نەتەوەیەكان  لە دەست یەكێتی و پارتیدایە و رونیشە كە تێیدا سەركەتو نەبون، ماف و ئەركی هێز و كەس و گروپە رەسەنەكانی تری نێو هەرێمی كوردستانە لەبری یەكێتی و پارتی و بەڕێگەو هەنگاوی جیاواز لەئەوان لە پیناو پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان و خاك و خەڵكەكەی رۆڵی خۆیان ئەدا بكەن و هەموو رێگایەكی ناوخۆی و عێراقی و جیهانی بگرنە بەر بۆ تێپەڕاندن و دەربازكردنی دۆخی خراپی خەڵك و خاك و ئەزمونی هەرێمی كوردستان.

سەردانی وەفدەی هاوبەشی سێ لایەنی كوردی بۆ بەغدا (گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی) سەردانێكی پێویست و بەجێ یە، هەرچەندە درەنگەو ئەسڵ وابوو پێشتر و لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەم سەردانەو هەوڵ و هەنگاوی تریش بگیرایەتە بەر، ئەم وەفدە كە وەك نوێنەری حكومەت نە رۆشتون و لە دیدارو بەیان و لێدوانە فەرمیەكانیشدا نەیان شاردۆتەوە كە ئەوان نوێنەری سێ لایەنی سیاسی كوردستانن نەك حكومەت تەواو پێچەوانەو جیاوازە لە پەیوەندی و سەردانەكانی پێشوی حزبەكان، دروست كردنی ئەم وەفدەو مەبەستی ئەسڵی ئەم سەردانە دۆزینەوەی رێگایەكە بۆ وتویژی حكومەتی هەرێم و بەغدا كە جگە لە پابەندبونی حكومەت و یەكێتی و پارتی و بنەماڵەو خێزان و باڵەكانیان بە دەستور و یەكپارچەیی عێراقەوە دەیان جار سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئەم داوایەیان لە بەغدا كردوە و چەندین وڵات و ناوەندیشیان راسپاردوە بۆ نێوەندگیری و دەست كردن بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئەم سەردانە نە هاوشێوەیە بە سەردان و پەیوەندیە ناڕون و نادروستەكانی یەكێتی و پارتی بە دەرەوە، نە هەنگاوێكە مەترسی لە سەر خاڵ و خەڵك و سنور و پێگەی هەرێم و ژیانی دانیشتوانەكەی دروست بكا، ئەم سەردانە هەوڵێكە بۆ راگرتنی ئەو تەعریبە موبەرمەجەی لە ناوچە كوردستانیەكان دەستی پێ كردۆتەوە، هەنگاوێكە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی خورماتوو ئەو شوێنە گرنگە كوردیەی بە چەند سەعاتێك تەسلیم كراو ئیستا شەست هەزار كوردی رەسەنی ئەو شارە ئاوارە و بی ماڵ و حاڵن، نیەتی راستەقینەی ناردنی ئەم وەفدە موچەی خەڵكە، ژیانی فەرمانبەرانە كە كابینەی حكومەتی ئێستای هەرێم بە تەواوی توانای ئیدارەدانی نەماوە.


AM:10:20:06/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌