لەیادی ئەنفالدا...ئەنفالچییەكان لەكوێن

هیوا سەید سەلیم
تاوانی ئەنفال كە رژێمی لەناوچووی بەعس بە سێ قۆناغی جیاجیا لەبەرامبەر خەڵكی سڤیلی كوردستان ئەنجامیدا لەگەرمیان دەستی پێكرد و هەریەك لەخۆشناوەتی و دەشتی كۆیەو دوا جاریش بە ئەنفالی بادینان كۆتایی پێهات كە بەعسیەكان ناویان نابوو قۆناغی خاتیمەی ئەنفال.

تاوانی ئەنفال لەبەر چەندین هۆكار بەیەكێك لەهەرە كارەساتە مرۆییەكان دەژمێردرێت كە رژێمی بەعس بەسەر گەلی كوردی هێناوە، لەوانە بەرفراوانی پرۆسەكە واتا دەتوانین بڵێین سێیەكی خاكی كوردستان رووبەڕووی ئەو تاوانە كرایەوە بەتایبەت ناوچە گوندنیشینەكان، دووەم ئەو رێژە زۆرەی خەڵك كە كەوتنە بەر ئەو شاڵاوە، ئەگەرچی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت رێژەیەكی درووست بۆ قوربانیان و شوێنبزربووەكانی ئەو تاوانە دیار نییە بگرە ئەوەی دەوترێت زیاتر تەخمینە بۆیە زۆرجار دەوترێت قوربانییەكانی پڕۆسەی ئەنفال 182 هەزار كەسن، ئەمە جگە لەئەنفالی فەیلیەكان و بارزانییەكان كە لەدوو قۆناغی جیاوازتر ئەنفالكراوون.

تاوانی ئەنفال لەئاستی دەرەوە كەمترین كاری لەسەر كراوە كە ئەمەشیان هۆكاری خۆی هەیە، یەكەم تاوانە كە بە بەراورد بەكارەساتی هەڵەبجە كەمتر كەوتە ژێر كاریگەری زوومی میدیا دەرەكیەكانی تر كە بۆ ئەمەشیان دیارە سەرانی بەعس پلانی گونجاوی خۆیان هەبوو تا كاردانەوەی دەرەكی لێ نەكەوێتەوە، دووەمیان ئەو كات و شوێنە بوو كە تاوانەكەی لێ ئەنجام دراوە كاتەكە لەكۆتاییەكانی جەنگی عێراق – ئێران بوو كە بۆ ئەمەیان رژێمی بەعس زۆر سوودی لەپەردەپۆشكردنی تاوانەكە بینی و بۆ شوێنەكەش تاوانەكە لەو گوندە گەمارۆدراوانە ئەنجام دراوون كە بەعس بە تەواوی گەمارۆ دابوون و ماوەیەكیش بوو كاری بۆ ئەو گەمارۆیە دەكرد كە ئەو ناوچانە لای كورد و پێشمەرگە بە ناوچەی ئازادكراو دەناسران.

بەجیا لەهەموو ئەمانەی باسمان كرد هەر لەدڕندەی بەعس و سیاسەتی فاشستانەی ئەو رژێمە بگرە تا رق و كینەی بەعس بەرامبەر ئەو ناوچانەی كە تاوانی ئەنفال گرتیەوە، بەڵام كاراكتەرێكی تر رۆڵی یەكجار خراپی لەو تاوانە بینیوە ئەویش چەكدارە بەكرێگیراوەكانی ئەو سەردەمەی رژێمی بەعس بووە لەمستەشار و ئامر مەفرەزەی خاسە كە دواتریش وەك ئەنفالچی ناویان دەركرد.

رۆڵی ئەو تاوانبارانە رۆڵێكی یەكجار نەرێنی بووە لەپێشرەوی هێزەكانی رژێمی بەعس و چاوساغیكردن بۆیان و پێدانی زانیاری بەسوپای بەعس، هەر بۆیەشە دوای رووخانی رژێمی بەعس لەكاتی دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بەو تاوانە گەورەیە لەنێو سەرانی تاوانباری رژێمی بەعس بەدەیان كەسی بەڕەگەز كورد تۆمەتباركران كە لەپرۆسەی ئەنفالەكان شانبەشانی رژێمی بەعس بەشداری لەو تاوانە گەورەیان كردووە و دادگاش بە فەرمی داوای ڕادەستكردنیان لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، تا وەك بەشداربوو و تۆمەتباری ئەنفال دادگایی بكرێن.

لەئێستادا كە 30 ساڵ بەسەر كارەساتی ئەنفال تێدەپەرێت و 11 ساڵیش بەسەر بڕیاری دەستگیركردنی ئەو ئەنفالچییە نێوخۆیانەی كورد تێدەپەڕێت، وێڕای فشاری زۆری چالاكوانانی بواری داكۆكی لەكەسوكاری ئەنفالكراوان و خواستی زۆری كەسوكاری ئەنفالكراوان،  تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت هیچ یەك لەتۆمەتبارە ئەنفالچیەكان لەهەرێمی كوردستان نەك خۆیان بگرە لەلایەن حكومەت و لایەنە سیاسیەكانیش ڕادەستی دادگا نەكراوون.

ئەو داوایەی كەسوكاری ئەنفالكراوان سەبارەت بەڕادەستكردنی كەسانی تۆمەتبار كە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنفال ناویان هاتووە، لایەنی كەمی قەرەبووكردنەوەی مەعنەوی ئەو خەڵكە خێر لەخۆنەدیوەیە، بەڵام بەهۆی ململانێی حزبی و ترسی لەدەستدانی دەنگی هەڵبژاردن ئەنفالچیەكان نەك هەر ڕادەستی دادگا ناكرێن بەڵكو بەپارەیەكی زۆر دیوەخانانەیان بۆ دەبڕێتەوە و بەشێكیشیان وەك شەهید مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

كارەساتێكی گەورەیە دوای چارەكە سەدەیەكە لە ئازدی و حوكمی كوردی ئەنفالچی وەك بەرزەكی بانان لێی دەرچێت و ببێتە خاوەنی دیوەخانی گەرم لەسایەی پارە و پشتیوانی حزبی كوردی، بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوانیش هەر بە ڕبەی تەق تەق بێت. 




PM:07:08:15/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌