بۆتۆی دەنگ دەر...ژیان وا لەشوێنێکی دیکە

نەبەز بازیانی-بەریتانیا

رۆماننوسی تورکی ئه‌لیف شه‌فه‌ق دەڵێت" بۆ گۆڕینی ژیانمان، بۆ گۆڕینی خۆمان، هیچ كاتێك دره‌نگ نییه‌. ته‌مه‌نمان هه‌ر چه‌ندێك بێ، هه‌ر جۆرێك ژیابین، هه‌ر رووداوێكمان به‌سه‌ر هاتبێ، دیسانیش نوێبوونه‌وه‌ كاری كرده‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رۆژێكمان وه‌ك رۆژی پێشوو بێ، ده‌بێت به‌ داخبین. لەم سۆنگەیەوە بەوە ئاشنادەبین کە ئێمە دەتوانین بەر بەو شەپۆلەبگرین کە ژینگەی سیاسی هێناویەتیە کایەوەو لای ئێمەش بووە بە نائومێدی!.

تۆی دەنگدەر،کە ساتێک لە بەردەستەو بە پێنوسەکەت دەتوانی زۆر دونیایەکی رەش یاخود بە پێچەوانەوە جوان بخوڵقێنیت.
"ژیان وا لە شوێنێکی دیکە" ئەوە رستە ناودارەکەی "ڕامبۆ"ی شاعیرە.هەمان ڕستە لە لایەن "ئەندرێ برێتن"ەوە کرا بە دوا وشەی مانیفێستی ڕاگەیاندنی بزافی سوریالیزم.لەمایسی (۱۹٦۸)دا قوتابیانی پاریس کردیان بە دروشمی خۆیان و لەسەر دیوارەکانی زانکۆی سۆربۆن دەیاننووسیەوە. تۆش دەتوانی بۆ ئەم قۆناغەی خۆت و ئەم دەنگ دانە تێفکرینێکی قوڵت هەبێت و بڕیار بدەی کە "ژیان وا لە شوێنێکی تر"کە ئەمە دەتوانین ناوبنێن وەستانێکی دلێرانەی مرۆڤ بەرامبەر ژیان و بارودۆخ!.

تۆی دەنگ دەر،گومانم نیە لەوەی یەقینی تەواوتان هەیە لەهەمبەر بەو گوفتانەی تەواوی لیستەکان و خودی کاندیدان دەیدەن،هەمووان باس لە دونیایەکی پر رەفاهیەت و ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی دەکەن،ئەما هەموو ئەمانە،پاش هەڵبژاردن،ئاوەو ئاودەچن!.کەوایە وریایانە دەبێت روبەروی هەستەکان مان بینەوەو وریابین لە رێزگرتنمان لەو دەنگەی دەیدەین و بەکێی دەدەین.

تۆی دەنگ دەر خۆزیا دەکرا پێش دەنگ دانەکەت رۆمانەکەی نەجیب مەحفووز دەخوێندەوە،جێمس چینی لەبارەی داستانی ڕەش و ڕووتان و ئەو رۆمانەوە دەڵێت؛

داستانی ڕەش و ڕووتان تەنیا هەر رۆمانێک نییە و بەس، گەشتێکە بە مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا، لەو رۆمانەدا ڕەش و ڕووتان نەوە دوای نەوە چاوەڕێی رزگاریین لەدەست ستەمی شەقاوەکان و ئەوانەی لەسەر ماندوبوونی ئەوانەوە دەگەنە سامان، خەڵکەکە خەون بە سەردەمی ناجی رزگاربووەوە دەبینن کە جارێکی دیکە بێتەوە و بیانگەیەنێتە ئارامی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەیان ببات. هەر خەونە وا دەکات پشتگیری کەسانێک بکەن دژی شەقاوەکانیان تا لە ستەمیان رزگار بکات، کەچی نەزانی خۆیان وا دەکات پاڵەوانەکانی خۆیان دووبارە لەسەریان ببێتەوە شەقاوە و بیان چەوسێنێتەوە.

ئەو کۆمەڵگایی نەجیب مەحفووز لەو رۆمانەدا لەبارەیەوە نووسیویەتی کۆمەڵگایەکی نادیارە، بەڵام دواجار ئەو کۆمەڵگایە تەواوی ژیانی سەر رووی زەمینە، دەکرێ ئەو کۆمەڵگایەی نەجیب مەحفووز لەو رۆمانەدا باسی دەکات، کۆمەڵگای دونێنێ و ئەمڕۆ و سبەی ئێمەش بێت..


AM:11:20:16/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 37 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌