سۆزانییەكەی ئەستەنبوڵ و ناسیۆنالیستی كوردی

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بەدەقیق 7ی 7ی 2017 لەدرەنگانێكی شەودا، كە ڕووناكی شەقامەكەی "یوسف پاشا"ی توركیا تاریكی شەوەكەی دڕپێدابوو، لەگۆشەیەكی ئەو شەقامەدا ئافرەتێك دەستیگرتم و پێیوت "تۆ عەرەبیت؟" لێیتێنەگەشتم، وتم دەستم بەردە چوزانم چی دەڵێیت.

هاوڕێكانم وتیان دەڵێت "تۆ عەرەبیت".
منیش وتم نا نا. من كوردم كووورد.

ئافرەتەكە بەبێ ئەوەی خوا حافیزی بكات و سەیری ناوچاوم بكات، لێوی هەڵقرچاندو بەبێ ئەوەی چاوەڕێی وشەیتر بكات، جێیهێشتین.
یەكێك لەبرادەرەكانم پێیوتم "كاكە بۆ وتت كوردم؟ لەتوركیا وشەی كورد كفرەو كێ ناڵێت ئێستا سەرنگوممان ناكەن".

لەڕاستیدا لەوێدا كەمێك ترسام و تێگەشتم ئایندەی كوردو باكوری كوردستان لەتوركیادا لەبەردەم چ كارەساتێكدایە، لەناو چ جەنگەڵستان و لەناو چ كورەیەكی ئاگردایە، لەناو چ شەڕێكی قورسی فكریی و نەتەوەیی و چەكداری و دیموكراسی و جوگرافیدایە.

ڕوومكردە هاوڕێكانم و وتم: ئێوە بڕوانن تەنانەت سۆزانییەكانی! یوسف پاشایش نایانەوێت گوێیان لەوشەی "كورد" بێت.
بڕوانن سۆزانییەك! خۆیی پێشەریفترە لەمنێكی كورد!

ئەم تابلۆیە بەرهەمی خەیاڵ نییە، بەڵكو بەرهەمی واقیعی ژینگەیەكی سیاسی ئاخێنراوە بەهەستی شۆڤێنی توركی و كاركردنی هێزە ئەمنییەكان وەك ماكینەی هاڕینی هەموو جوڵەو ویستێكی كوردانەو پڕبوونی زیندانەكان بەتاكی كورد.

هەر لەبەر نەگونجاندنی ئەو ژینگە سیاسییەیشە وەك چۆن ئەستەمە لەهەمانكاتدا گەورەییشە بۆ هەر كوردێك بتوانێت لەسایەی دەوڵەتی توركیادا داكۆكی لەدۆزی ڕەوای گەلەكەی بكات و دنەی هەستی ناسیۆنالیستی كوردی لەوەها ژینگەیەكدا بدات و توركێكی سیاسی و ڕەگەزپەرستی سۆزانی! بهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی تاكێكی كورد لەتوركیادا هەمان مافی تاكێكی توركی هەبێت.

كاتێكیش لەناو ئەم ژینگە سیاسییەدا تاكێك یان ئایكۆنێكی كورد دەردەكەوێت و هەموو ئەم داپڵۆسین و كوشتن و ڕەگەزپەرستییەی تورك و دەسەڵاتە  تۆتالیتارە میلیتارییەتە! ڕەددەكاتەوە، ئەمە نەك كارێكی ناوخۆیی و سیاسییە، بەڵكو پێش هەموو شت سوربوونە لەسەر كوردبوون و پەیامی كوردبوونە بۆ ناوخۆی توركیاو بۆ هەموو گەلانی دونیا.

لەبەر ئەمەیش كاتێك كوردێك لەتوركیا دەمانخزێنێتەوە ناو ئەم شەڕە نەتەوەییەوە، بەبێ بیركردنەوە هاوهەڵوێست و پشتیوانی دەبین و كۆدەنگ دەبین لەگەڵیدا.

بەبەراورد بەم وێنە نەتەوەییەی لەباكورەوە دەنێردرێت و هەر كوردێك لەهەركوێ بێت دەیبینێت، تایپە سیاسییەكەی باشووری كوردستان، لەحەقلێكیتر كاردەكەن كە هیچ پەیوەندییەكی بەناسیۆنالیستی كوردییەوە نییە. ئەم تایپە سیاسییەی كە بەرهەمی ڕاپەڕین و كەوتنی عێراقی سەدامە لە2003دا، ئەوەندە ڕۆحی ناسیۆنالیستیی كوردیان ماندو و ناشیرینكردووە تائاستی پچڕانی لینكی تاك بەم ڕۆحە نەتەوەییەوە ڕۆشتووەو هیچ تاكێكی سیاسی ناتوانێت عەیارەی نەتەوەییبوون بۆ خۆی بكێشێت.

بەپێچەوانەوە لەئێستادا هیچ تاكێكیش بڕوایان پێناكات و دڵخۆش نییە بەنەتەوەییبوون و دڵسۆزیان بەكوردو هەر بەشێكی كوردستان بێت.

ڕۆحی ناسیۆنالیستی كوردی لەم جەستە كوردییەداو لەئەو بەشەیدا ناوی باشووری كوردستانە، بەئەستەم هوتافێك یان ئیشكردن لەسەر گەشەی ئەم ڕۆحە ناسیۆنالیستییە، دڵخۆشكەرو وروژێنەرە. بەڵكو لەدوای پرۆسەی ڕاپەڕینەوە بەبزنسمانبوونی سیاسییەكان و بەمافیابوونی بەرپرسەكان دەبێتە دیاردەو بەهەموو توانایشیانەوە ئیشی گەورەو ئاشكرایان لەسەر كوشتنێكی جەلادانەی ناسیۆنالیستی كوردی كردووە.

لەم وێنە پارادۆكسەی نێوان باكوری كوردستان و باشووری كوردستاندا، كە كێرڤی پرسێكی گرنگی وەك ناسیۆنالیستی كوردی دەخەمڵێنێت. ناسیۆنالیستی كوردی لەلوتكەی گەشانەوەو جوانی و پێشەوەچوونی خۆیدایە، كاتێك دەبینین "عوسمان بایدەمێر" لەبەرامبەر دەسەڵاتی پەرلەمانی توركیای فاشیستدا دەست دەخاتەسەر دڵی و دەڵێت "كوردستان لێرەدایە".

بەڵام هەمان وێنەی ناسیۆنالیستی كوردی لەباشووردا داهێزراو و ماندو شەكەتە بەدەست ئەم نوخبە سیاسییەوە كە لەدوای ڕاپەڕینەوە بوونە مافیای نەوت و خاوەن كۆمپانیاو خاوەن میدیا. ئەم سەركردانەی باشوور هەرگیز لێیاننایەت نوێنەرایەتی ناسیۆنالیستی كوردی بكەن و بۆجارێكیش بێت بەئاشكرا بەتوركیایان نەوتووە كوردستان لەناودڵماندایە. بەڵكو كوردستانیان ڕادەستی توركیاكردو نەوت و غازەكەیان تاڵانفرۆشی توركیاكردو توركیا ڕۆژ دوای ڕۆژ بنكەی سەربازی زیاتر لەباشووری كوردستان دادەنێت و لەولایشەوە بۆردومانی باشوور دەكات.

لەباكوری كوردستان دوای كۆتاییهێنان بە"حەوت" پارتی كوردی، لەدواجارداو دوای 25 ساڵ، هەشتەم پارتی كوردی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردنەكانی 2015ی تێپەڕاندو گەیشتە پەرلەمانی توركیاو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئیش لەسەر بەهێزبوونی پێگەی خۆیان و ناسیۆنالیستی كوردی دەكەن و سنوری دەسەڵاتیشیان فراوانتر دەكەن.

لەباشووری كوردستانیش لەدوای 26 ساڵ لەدەسەڵاتی كوردی، تادێت وێنەكە پێچەوانە دەبێتەوەو بیری ناسیۆنالیستی كوردی لەداكشانێكی بەردەوامدایە.


PM:02:30:17/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌