پارتی و یه‌كێتی نه‌یانتوانی شوێنه‌واره‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بسڕنه‌وه‌

دانا مەنمی

نێوانی یه‌كێتی و پارتی دیسان كه‌وتووه‌ته‌ دۆخێكی ئاڵۆزه‌وه‌، ئه‌و دوولایه‌نه‌ كه‌ خاوه‌نی هێز، چه‌ك، زیندان و ده‌زگای هه‌واڵگری تایبه‌ت به‌ خۆیانن ،یه‌كێتی و پارتی دوای شه‌ڕێكی خوێناوی كه‌ زیاتر له‌ سی هه‌زار كه‌س كوژران و هه‌زاران كه‌سیش بێسه‌روشوێن بوون ، دواتر له‌ ١٧ی٩ی ساڵی ١٩٩٨ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا و فه‌رەنسا ،تاڵه‌بانی و بارزانی واژۆیان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی نوێی ئاشتی كرد ،ئاشتییه‌ك كه‌ هه‌رگیز شۆڕنه‌بویه‌وه‌ بۆ ماڵ و باره‌گاكان، شه‌ڕی ساردی ئه‌و دوو حزبه‌ی نه‌توانده‌وه‌.

یه‌كێتی و پارتی به‌ هۆی ڕێكه‌وتنی سیاسی نێوانیانه‌وه‌ كابینه‌ی هاوبه‌ش و لیستی هاوبه‌ش و كه‌مپینی هاوبه‌شیان بۆ هه‌موو جومگه‌كانی حوكمڕانیه‌تی له‌ هه‌رێم و به‌غدا پێكهێنا ،به‌ڵام هیچ كام له‌ كابینه‌ی هاوبه‌ش و لیستی هاوبه‌ش كه‌مپینی هاوبه‌ش بۆ رێفراندۆمیش، یاده‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕوكوشتاری ناوخۆیان له‌ بیر كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌برده‌وه‌ ، چونكه‌ هێشتا پارتی و یه‌كێتی سه‌رقاڵی دیل به‌ دیلن !
یه‌كێتی و پارتی له‌ قۆناغی دوای شه‌ڕی ناوخۆی سالی 1996 نه‌یانتوانی برینه‌كانی شه‌ری ناوخۆ تیمار بكه‌ن و شوێنه‌واری شه‌ڕه‌كه‌ بسرنه‌وه‌ ،جگه‌ له‌وه‌ش رێكه‌وتنه‌كانی نیوانیان هه‌رمایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی و ڕه‌خنه‌و قسه‌ له‌سه‌ر كردن بووه‌ ، ئاخر رێكه‌وتنه‌كانی نیوان پارتی و یه‌كێتی نه‌یتوانی شوێنه‌واره‌كانی شه‌ڕ بسڕێته‌وه‌و مۆدیلێكی نوێی دابه‌شكردنی به‌رژوه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كان دروست بوو .

دێگەڵە سنورێكی ده‌ستكردو په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و سنوری حوكمڕانیه‌تی پارتی و یه‌كێتی یه‌ و بووه‌ته‌ هێمایەك بۆ دابەشبو‌ونی هەرێمی كوردستان بەسەر د‌وو زۆنی زەرد‌و سەوزدا ، دێگه‌ڵه‌ لە ساڵی 1997ەوە بو‌وەتە سنوری هاوبەشی هەردو‌و ئیدارەی پارتی ‌و یەكێتی ، لە ڕووی شوناسی مێژووییەوە، هیچ تاکێک لە کوردستان شانازی بەم دابەشبوونەوە ناکات، چونکە مرۆڤی کوردی تێکەڵ بە دنیای خواست و بەرژەوەندی کرد ، دابه‌شبوونی كوردستان بۆ دوو زۆنی سه‌وزو زه‌رد لـــە ڕووی ئیدارەو هـاوسەنگی هێزەوە، تــەواو لاسەنگە، یەکێتی خاوەندارێتی جێگە نفوسی ناوچەی سلێمانی لـە ئەستۆدایە و پارتیش خاوه‌ندارێتی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ی خۆی ده‌كات ،هیچ كام له‌م دوو هێزه‌ ناتوانن ده‌ست بۆ مه‌ڵۆكانی یه‌كتر به‌رن و زۆری ژمارەی کورسیەکان هەرگیز ناتوانێ ئەو سنورانە تێپەڕێنێ.

هیچ گومان لەوەدا نیە و فه‌لسه‌فه‌ی دابەشكردنی كۆمەڵگە بەسەر ڕەش و سپیدا، و دروشمی یان لەگەڵمیت یان دوژمنیت، و قبوڵنەكردنی ڕای بەرامبەرجیاوازییه‌كان، و لۆژیكی لەگەڵم بیت نیشتمان پەروەریت و لەگەڵم نەبیت خائین و نیشتمان فرۆشیت ، زەقترین سیمای پارتی و یه‌كێتی یه‌ ، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كۆمەڵگە دابەش دەكات و هەڵدەستێت بەهێنانی هیڵی سور بەسەر ئەو بەشەی كە لەگەڵ بۆچوون و تێزەكانی ئەودا نایەتەوە و بەجۆرێكی دیكە بیردەكاتەوە، لە هەر كوێ بێت و لەهەر لایەنێكەوە بێت كارێكی نا ئەخلاقی و نا عەقڵانی و نا مەنتقیە ونه‌بوونی شەرم و ئەخلاق و به‌رپرسیاره‌تیی و دژی دیموكراسیەت و سوكایه‌تییه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای كوردی .

به‌ڵام ئه‌وه‌شی گرنگه ‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یه‌كێتی و نه‌ گۆڕان نه‌یانتوانیووه‌ گوزارشت له‌ سلێمانی بكه‌ن رێكه‌وتنی ده‌باشانیش له‌ نیوان یه‌كێتی و گۆران دابه‌شبونێكی تری دوو ئیداره‌ی بوو ،چونكه‌ یه‌كێتی گۆرانی په‌راویز ده‌خست و گۆرانیش یه‌كێتی پشتگوێ ده‌خست ،ئه‌گه‌ر به‌ دیوێكدا سه‌نگه‌ر گرتن بوبێت له‌ پارتی به‌ دیوه‌كه‌ی تردا به‌هۆی نه‌بوونی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی زیانگه‌یاندنیش بووه‌ به‌ خۆیان ونه‌یانتوانیووه‌ وه‌ك پێویست موشاره‌كه‌ی سیاسی بكه‌ن .

PM:03:10:08/01/2019