یوئێنی تورکیا زیندانێکی گەورەیە بۆ پەنابەرە کوردەکان

هێمن هادی

وەک لای زۆربەمان ڕوونە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جیھاندا واتا یوئێن ئێچ سی ئاڕ، چەند ساڵێکە دامەزراوە بۆ ئەوەی ڕێ لە کۆچی نایاسایی خەڵکی بگرێت و بەڕێگەیەکی یاسایی خەڵکی بگەیەنێتە وڵاتی سێیەم.

ئەڵبەت لەچەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لەدوای دروستبوونی حوکمی بەعس لە عێراقدا زۆرێک لەو ئازادیخوازانەی یان ئەو ھاووڵاتییانەی لەژێر ھەر ناوێکدا بووبێت، وڵاتی خۆیان جێھێشتووە و ڕویان لەو وڵاتانە کردووە کە بنکەی سەرەکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی لێیە، تا بگەنە وڵاتی سێیەم و بەئارامی بژین.

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستانی باشوور پشکی ئەم کۆچەی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرکەوتووە بە تایبەت لە دوای ساڵی ۲۰۰٥ بەدواوە. 

سیستمی حوکومڕانی کوردستان ھۆکاری سەرەکی بووە بۆ جێھێشتنی کوردەکانی باشوور و بەتایبەت حوکمی جووت بنەماڵە و ھەبوونی گرووپە توندڕەوەکانیش ھۆکارێکی تر بووە بەتایبەت کرانەوەی تاکی کورد لەبەرامبەر ئەو کرانەوە گەورەیەی کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا کە خەڵکانێک ئازادانە بڕیاری گەڕانەوەیاندا بۆسەر ئاینی زەردەشتی و ئەمەش بووە ھۆکارێک بۆ ئەوەی زیاتر گرووپە توندڕەوەکان بکەونە ھەڕەشەکردن لەزۆربەی ئەو کەسانەی کە بەردەستیان کەوتوون و خێزانی کوردیش ھۆکارێک بوون بۆ ئەوەی زۆربەی خێزانەکان و کوڕو کچەکانیان بەدوور بگرن لەم گەڕانەوەیەی ئاینی زەردەشتی و مەسیحی و ببێتە کێشەی زۆر گەورە لە ناو زۆربەی خێزانەکانی کوردستاندا و مامۆستایانی ئاینیش ئەم گەڕانەوەیەی فەلسەفەی زەردەشتیە بە تاوان و ھەڵگەڕانەوە لە ئاینی ئیسلام ناوبێنن و وەک ڕوونە لە ئاینی ئیسلامدا ھەرکەسێک لەئاینی ئیسلام ھەڵگەڕێتەوە حوکمی کوشتنە.

ئەمانەو زۆر شتی دیکە ھۆکار بوون کوردانی باشوور و عێراقیەکی زۆر ڕووبکەنە یوئێنی تورکیا و تا بگەن بە وڵاتی سێیەم و ھەر کەسێک ئازادانە کار لەسەر ژیان و بیروباوەڕی خۆی بکات.

بەڵام یوئێن نەک ئەوەی کە کارەکانی وەستاندووە لەبەرامبەر سێ ملیۆن و نیو ھاوڵاتیدا بگرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵکەکە وا لێ ئەکەن کە یان ھەڵبێت یان بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی ئیتر ئەو کەسە ئەکوژرێ یان ھەرچی بەسەر دێت لەملی خۆیەتی و کەسیش بەرپرسیار نابێت.

یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر ڕاگرتنی ئەو ھاووڵاتییانەی ڕوو ئەکەنە تورکیا و خۆیان ناونووس ئەکەن لە یوئێن بۆئەوەی بە نایاسایی کۆچ نەکەن بۆ ئەوروپا، بڕێک پارەی دیاریکراو ئەدەن بە تورکیا و ساڵانە ئەم ڕێژەیە زیاد ئەکات، ئەمەش جۆرێکە لە بزنس بەسەر گیانی ھەموو ھاووڵاتییەکەوە کە دێتە ئەم وڵاتە و لەبەرامبەریشدا ھیچ ھاوکاریەک نیە بۆ پەنابەران و ھەر لەم مانگەدا بیمەی تەندروستیش لە پەنابەران سەندراوەتەوە و ھەرکەسێک سەردانی نەخۆشخانە بکات ئەبێ پارەیەکی زۆر بدەیت بۆ چارەسەر.

لە ئێستادا یوئێن ھیچ بڕیارێکی لەدەست خۆیدا نەماوە و تەنھا کار بۆ ئەوە ئەکات ئەو خەڵکەی کە ماوە یان ھەڵبێت یان بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، ئەو دەستەی کە ئاماژە بە پاراستنی گیانی پەنابەران دەکات ئەو دەستە بووەتە دەستێکی زوڵم بەسەر پەنابەرانەوە.

AM:11:32:05/12/2018