زەبەلاحەكان

عومەر كەریم بەرزنجی

دەمەو نیوەرۆیەكی هاوین بوو، بەڵام لە زەردەپەڕی ئێوارەیەكی پایزی دەچوو، خۆر چرایەكی كزی بێنەوت بوو بەتاقی ئاسماندا هەڵواسرابوو، شار كش و خامۆش لەبەر دەرگای ماڵەوەدا پاڵی بەدەرگای حەوشەوە دابوو، خۆی بەكەسێكی گەورەو مرۆڤێكی باڵا دەزانی، لەگەڵ چاوی بەو كەوت... لە گەورەیی خۆی كەوتە گومانەوە بەراوردی خۆی و ئەوی كرد، خۆی بەكەسێكی گرگن و بودەڵە دەهاتە پێش چاو قێزی لە خۆی دەكردەوە، ئەو زوو ون بوو، نەیدەزانی بەرەو كوێ‌ چوو بە ونبوونی ئەو... هەستی بەشڵەژانی خۆی و تەواوی خەڵكی دەورو بەری كرد، تاكو تەرا خەڵكی بەرچاوكەوت، بەبێدەنگی ملی رێیان گرتبوو، ماندوو شەكەت و شپرزە دیاربوون، وەك لە خەوی غەفڵەت بەئاگا هاتبن، ئەو خەڵكە بەرەو دەرەوەی شار, بەرەو پشتی ئەو زنجیرە چیایەی پشتی شاری گرتبوو هەڵدەهاتن.
 
بێئەوەی بیر لە هەڵهاتن بكاتەوە، بەدوای ئەودا دەگەڕا تا بەراوردی خۆی لە گەڵیدا بكات، دەنگێك كە لەدەنگی ئەو دەچوو دەیگوت:"بەدوای مندا مەگەڕێ‌ بڕۆ شار جێبێڵە، گەڕان بەدوای مندا خۆفریودانە، بەشوێن ئەو خەڵكانەدا بڕۆ چاوەڕێی چی دەكەیت، خۆت لە كەڵبەی ئەو دڕندانە بپارێزە، زووكە هەڵبێ‌.

لەبەرخۆیەوە بیری لەوە دەكردەوە و دەیگوت: دەبێت ئەو دڕندانە چیان لەم شارە بوێت، دەبێت وەچەی ئەو جەلادانە بن، بەخوێنی قوربانیەكان خۆیان مەست دەكرد، تەپوتۆزێكی زۆر لە رۆژئاوای شارەوە سەرنجی راكێشا، تادەهات نزیكتر دەبووەوەو شاری دادەپۆشی، چاوی بەملاو بەولایدا گێڕا چەند كەسێكی لە دوورەوە بەرچاوكەوت، بەرەو دامێنی چیاكە دەرۆشتن، بەرەو لای ئەوان هەڵات، چەن جارێك بانگی كردن، كەسیان ئاوڕیان نەدایەوە، وەك هیچیان بەرگوێ‌ نەكەوتبێ‌ بەردەوامبوون لە رۆیشتندا. 

هەنگاوەكانی خێراتر كرد، هەستت بەتەپەیەكی زۆر دەكرد كە لەتەپەی پێی زەبەلاحەكان دەچوو، ئاوڕت دایەوە، چەن تارماییەكی زەبەلاح زارەترەكیان كردیت، تادەهات شار لە تەپوتۆزدا ون دەبوو، تارماییەكانیش نزیكتر دەبوونەوە، ئەو تارماییانە لە داینە صۆر دەچوون، لەشكرێكی گرگنیان بەشوێنەوە بوو، لە شێوەدا لە زەبەلاحەكان دەچوون، بەڵام تا زەبەلاحەكان نەجوڵانایە، ئەوان نەیاندەتوانی لە شوێنی خۆیاندا بجوڵێن... لەگەڵ گەیشتیتە پشتی زنجیرە چیاكە، وچانێكتدا ئاهێكت هاتەوە بەبەردا. 

لەپشت زنجیرە چیاكە، حەشاماتێكی زۆر دەتگوت شارەمێروولەن مۆڵ درابوون، لە رۆژی حەشر دەچوو تێكڕا دەستیان بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوەو دەپاڕانەوە.

دەنگی پیاوە گەورەكە هاتە گوێت، هەستت كرد تەواوی خەڵكەكە گوێ‌ بۆ شتێك رادەگرن كە پێدەچوو ئەو دەنگە بێت دەیگووت: لەوێدا پشوو بدەن، پەناگەیەكی ئارامە، ئەو دڕندانە لە توانایاندا نییە بەچیاكەدا هەڵزنێن، ئەگەر نزیكیش ببنەوە چیاكە قوتیان دەدات، بەناخی زەویدا رۆدەچن.

حەشاماتەكە هەموویان سووجدەیان برد بۆ خواوەند، ویستی بپاڕێتەوە پڕ بەگەرووت هاوارت كرد دەنگت دەرنەدەهات چاوت نوقاند، دەستت بەرز كردەوەو لەبەر خۆتەوە دەتگوت: خودایە تێناگەم ئەمە كۆتایی ژیانە یان تراژیدیایەكی خوێناوییە، خودایە ئەو جەلادانەمان لە كۆڵ كەرەوە كە بەخوێن سەرمەست دەبن و گڕی ناخیان خامۆش دەبێت.

زەبەلاحەكان لە چیاكە نزیك بوونەوە، دەنگێكی گەورە كە لە شەقار شەقار بوونی زەوی دەچوو, حەشاماتەكەی راچڵەكاند، زەبەلاحەكان بەناخی زەویدا رۆچوون، تەمەكانی سەرشار دەرەوینەوە، پرشنگی خۆر دنیای رۆشن دەكردەوە.

لەدوای ئەو ڕووداوە، تەواوی كوچەو كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكان پڕبوون لە پەیكەری ئەو زەبەلاحانە.

پەیكەرتاشەكان پەیكەری زەبەلاحەكانیان لە شێوەی جۆراوجۆردا دروستدەكرد و لە فولكەو باخچەو شوێنە گشتیەكاندا دایاندەنان و ناوی ئەو شوێنانەیان بەناوی یەكێك لەو زەبەلاحانەوە ناودەنا.

هەندێك كەس وەك نەفرەت لێكراوێك سەیریان دەكرد، بۆ ئەوەی لەیادیان نەكەن و ئەو مەترسیەیان لەبیر نەچێتەوە، بەپێویستیان دەزانی ئەو پەیكەرانە بوونیان هەبێت.

هەندێك كەسی تر وەك شتێكی پیرۆز دەیانبینی و وەك پەرستراوێك لێیان دەڕوانی، هەندێكیان لەترسی نەفرەتی زەبەلاحەكان سوجدەیان بۆ پەیكەرەكان دەبرد و دەیانپەرستن، هەفتانەش دەچوونە سەردانی و قوربانیان بۆ دەكردن.

پێیان وابوو كە نەفرەتی زەبەلاحەكان و توڕەییان دەبێتە هۆی وێران بوونی شارەكەمان، هەر بۆیە نەدەبوو كارێك بكەین كە رۆحی زەبەلاحەكان توڕەو بێزار بكات، بۆ ئەوەی شارەكەمان پارێزراوبێت دەبێت خۆمان لە توڕەكردنی زەبەلاحەكان بپارێزین، ئەگینا خۆشمان پارێزراو نابین.


PM:05:35:06/12/2018