ئه‌مشه‌و له‌ئه‌مریكا، چی رویدا؟!

لوقمان غەفوور

سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك دوا هه‌وڵ و وه‌ك دوابانگه‌واز بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ حكومه‌تی تێكه‌وتووه‌ و ئه‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كاندا بەردەوامە، سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و-7ی جێنیوه‌ری 2019 به‌كاتی واشنگتن، له‌بانگه‌وازێكی ته‌له‌فزیۆنیدا تێدا ئاماژه‌ی به‌ ترسی په‌نابه‌ری نایاسایی كرد له‌سه‌ر ئێستا و دواڕۆژی ئه‌مریكا، بۆیه‌ په‌نای بردۆته‌ به‌ر بیرۆكه‌ی دروستكردنی دیواری سنووری باشوور.
له‌وتاره‌ بانگه‌وازئامێزه‌كه‌یدا داوای پاڵپشتی كرد به‌بانگه‌وازی "قه‌یرانی مرۆیی، قه‌یران له‌دڵ و ده‌روون و رۆحدا".
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین وتارێتی سه‌رۆك تره‌مپ له‌پشت مێزی نووسینگه‌ی "Oval" له‌و رۆژه‌ی ده‌ستبه‌كاربووه‌.
له‌وتاره‌كه‌یدا باسی ئه‌و داراییه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ بۆ دیواری سنووری باشوور ته‌رخانكرێت له‌پێناو هۆكاری ئاسایش و مرۆیی-دا.
داوای فشاریكرد بخرێته‌ سه‌ر دیموكراته‌كان تا نێوه‌ندگیرییه‌ك بگرنه‌به‌ر تا شه‌تداونی حكومه‌ت(داخستنی حكومه‌ت) له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ نه‌كێشێت.

سه‌رۆك تره‌مپ داوای له‌دیموكراته‌كان كرد بگه‌رێنه‌وه‌ كۆشكی سپی و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا گفتوگۆ بكه‌ن و به‌خۆیان بڵێن "ئه‌وه‌ كارێكی نائه‌خلاقییه‌" بۆ "سیاسییه‌كان كه‌ هیچ شتێك ناكه‌ن".

داوایكرد گفتوگۆی بیرۆی بانگه‌وازی حاڵه‌تێكی كتوپڕی نیشتمانی بكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی دیكه‌ له‌كۆنگرێس و پێشنیازی دیكه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كه‌. به‌ڵام سه‌رۆك تره‌مپ ئاماژه‌ی نه‌دا به‌هیچ بیرۆكه‌یه‌كی نوێ بۆ گفتووگۆكه‌.

سه‌رۆك تره‌مپ وتیشی:"ئه‌مریكییه‌كان به‌شانازییه‌وه‌ پێشوازی له‌ملیۆنان كۆچبه‌ری یاسایی ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی، به‌ڵام ئه‌مریكییه‌كان دڵبریندارن به‌ كۆنترۆڵنه‌كردنی كۆچبه‌ری نایاسایی."

ئه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاماری خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌فتانه‌ 300 هاووڵاتی به‌هۆی هیرۆینه‌وه‌ ده‌مرن، وتیشی:"مانگی پێشوو زیاتر له‌ 20 هه‌زار منداڵ به‌شێوه‌ی نایاسایی هێنراونه‌ته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌و منداڵانه‌ به‌كارده‌هێنرێن وه‌ك كاڵایه‌ك له‌لایه‌ن بانده‌كانه‌وه‌، له‌هه‌ر سێ ژن، ژنێك رووبه‌رووی ده‌ستدرێژ سێكسی ئه‌بنه‌وه‌ له‌و رێگه‌ ترسناكه‌ قاچاغه‌ی سنووری هاتنه‌ناوه‌ی مه‌كسیك، ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌تێكی تراژیدییه‌ له‌سنووری باشوور."

له‌درێژه‌ی ئاماره‌كه‌یدا سه‌رۆك تره‌مپ وتی:"له‌دوو ساڵی رابردوودا، نووسینگەی كۆچ و گوومرگ ICE، 266 هه‌زار تاوانیان تۆماركردووه‌ كه‌ ئه‌و كۆچبه‌ره‌ نایاساییانه‌ ئه‌نجامیانداوه‌" وتیشی:"30 هه‌زار تاوانی سێكسی و 4 هه‌زار كوشتن به‌شێوه‌ی توندوتیژی."
ته‌نیا هه‌شت ده‌قیقه‌ دوای وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ، دیموكراته‌كان ره‌تی بانگه‌وازه‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ-یان دایه‌وه‌ و به‌ دروستكردنی قه‌یرانیان له‌قه‌ڵه‌مدا.

هه‌ریه‌ك له‌نانسی پێلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و تشاك شومه‌ر سه‌رۆكی لێهاتووی دیموكراته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران، سه‌رۆك تره‌مپ-یان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ ئه‌مشه‌و له‌پشت مێزی نووسینگه‌ی "Oval" قه‌یرانی دروستكردووه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی پیران و خه‌ڵكدا.

سه‌ره‌تا نانسی پێلۆسی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی حكومه‌ت ره‌تكردۆته‌وه‌، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌و فشاره‌ی كه‌ خستوویه‌تیه‌ سه‌ر كۆمپانیاكانی بۆ پێدانی باج ئه‌و دیواره‌دروست بكات، وتیشی: "پێشتر ئه‌و وای بۆ ئێمه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی مه‌كسیك ئاماده‌یه‌ پاره‌ی ئه‌و دیواره‌ بدات، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو".

هه‌روه‌ها رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ تره‌مپ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌ی 800 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری فیدرالی به‌هۆی داخستنی حكومه‌ته‌وه‌ دواكه‌وێت.
دواتر تشاك شومه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ كێشه‌ی سه‌تداونی حكومه‌ت له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاراستنی سنوور جیاكرێته‌وه‌، وتیشی:"شه‌رعییه‌تدان به‌هه‌ردوو حزب – كه‌ پاڵپشتی دیموكرات و كۆمارییه‌كان بێت- بۆ كردنه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ گفتوگۆ ده‌رباره‌ی سه‌لامه‌تی سنووره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام."

وتیشی:"تره‌مپ ئه‌مشه‌و به‌و بانگه‌وازه‌ی ناعه‌داڵه‌تی دا نه‌ك حه‌قیقه‌ت، لێكترازان، نه‌ك یه‌كگرتووی"
تشاك شومه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ توانیویانه‌ سنووره‌كان بپارێزن به‌بێ هیچ دیوارێك و به‌هه‌ر نرخێك بێت، ئێمه‌ ئه‌توانین پێشوازی له‌كۆچبه‌رانی یاسایی بكه‌ین به‌بێ هیچ زیانێك بۆ سه‌ر ئاسایش و ئارامی، وتیشی:"سیمبولی ئه‌مریكا په‌یكه‌ری ئازادی-یه‌ نه‌ك دروستكردنی دیوارێك به‌به‌رزی (30) پێ."

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 9ی جێنیوه‌ری 2019، داخستنی حكومه‌ت پێده‌نێته‌ قۆناغی 18 هه‌مین رۆژه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام ئه‌وه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت بۆ رۆژی 19 و ده‌بێته‌ درێژترین شه‌تداونی حكومه‌ت.

به‌پێی زانیاریه‌كان كه‌ ته‌له‌فزیۆنیNBC news بڵاویكرده‌وه‌ بڕیاره‌ دوانیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ 9ی جێنیوه‌ری له‌كۆشكی سپی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر بكرێت بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ دیواری نێوان مه‌كسیك و ئه‌مریكا دابینده‌كرێت كه‌ به‌شێكی زۆری به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ر دوو حزب له‌خۆده‌گرێت له‌كۆنگرێس.

PM:12:01:09/01/2019