مەترسیەكانی حكومەتی ئەمنی

لەتیف فاتیح فەرەج

گرتن و دیل بە دیل 
چەند ناشرینی و دواكەوتوانەیە لە بەرانبەر گرتنی كەسێك بە كێشەی كۆمەڵایەتی ، كابرا خۆی وا دەڵێت ، تۆ كادیری حزبێك بگریت و بە ئاشكراش بڵێی ئەمە لە بەرانبەر گرتنی ئەو كەسەی گەرمیان ، دەی دیارە ئەوەش دەست و دیاری دەوڵەتە كوردیە- توركیەكەیە ، كە نەڕاگەیەنراو نەكەس سەری لە سەر دانا ، ئەوە چ پەیامێكە هێشتا حكومەت دروستنەكراوە ، تۆ بەم جۆرە مامەڵە لە تەك هاونیشتمانیەكانتا بكەیت ، ئەمانە لە حكومەتی گوندییش لە دواترن و پەیمانیش لە تەك رۆزنەفت و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی كانزاو نەوتا دەبەستن .

مەترسی حكومەتی ئەمنی 
بەر لە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەوانی تر پێویستە پارتیەكان خۆیان قەبوڵ نەكەن حكومەتی ئەمنی دروست بكرێت، سیماكانی حكومەتی ئەمنی هەر ئەوەن كە حەسانە بۆ ئەندامانی حزب بە پێی بەرژەوەندی حزبی دەستە بەر دەكەن و تێیدا بەس ئەندامانی حزب و لە ناو حزبیشا ئەندامانی دەزگا ئەمنیە حزبیەكان بەختەوەرو شایانی ژیانن، لە حكومەتی حزبیدا هەمیشە حەزی سەرۆك كارو بارەكان بەڕێوە دەبات ، نەك دیموكراسیەت و مافی هاوڵاتی بوون و وەك یەكی ، ئاخۆ سۆسیال دیموكراتەكان بەو حكومەتە كەیفخۆشن .

گۆڕان و حكومەتی ئەمنی 
گۆڕان لە ئێستا بەهێزترو كاریگەر تربوو حكومەتیش لانی كەم نائەمنی تر بەو دەردە برا كە برا ، ئاخۆ لە بەشداری كردنیدا لە حكومەتێكی ئەمنیدا  چارەنوسی چۆن دەبێت ،  ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە گۆڕان وەڵامەكەی بە نامەیەكی ئاشكرادا بۆ دەنگدەرەكانی بنێرێت .

رێگاكانی  دەستە مۆكردن 
هەموو رێگاكان لە زۆنی ئیڕهابی فكریدا تاقیدەكرێنەوە ، خەڵەتاندن بە پارە ، سوكایەتی كردن بە مرۆڤ ، كوشتن لە سەر نوسین و وتن ، بە میلیشیاكردنی هێزی چەكدار ، گرتن لە سەر جیاوازی بیرو ڕا ، تۆمەتی ناڕەوا دروستكردن ، ناوناتۆرە نان ، رێگا زۆرەو لە داهاتوشدا دەكرێ‌ رێگای دیكەش بدۆزرێتەوە ، یەكێك لە رێگاكان فیلمی "لە تەمدا" ی  سێرگی لۆزنیتسایە ، ئێمە حكومەتی پۆلیسی بە مانا خراپەكەی بەڕێوەمان دەبات ، ئەوە راستیەكەیە نەزهەت حالیش هەر شتێكی لەو جۆرەی وت ، زۆنەكەش هەموو هەرێم دەگرێتەوە نەك شوێنێكی دیاری كراو .

AM:11:58:09/01/2019