وشەیەک بنوسە بۆ گەران .

غیابی ژن و جێكەوتەكانی لە كابینەی نوێدا

پ.ی.د. نەزاكەت حسین

مەسەلەی ژن و بەشداری سیاسی نەك بابەتێكی جیهانیە، بەڵكو لەماوەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هێشتا ئەو بەشداریە لە ئاست خواست و داواكاری و مافی ژنان لەم هەرێمەدا نەبووە، گرفتی سەرەكی ژن لەو دواكەوتن و فەرامۆش كردنە سەرباری كۆمەڵە هۆكاری كۆمەڵایەتی و كلتوری  ئەوە بووە كە تاكە ڕێَكەی ژن بۆ گەیشتنی بە ناوەندی بڕیارو بەشداری پێكردنی حیزبە سیاسیەكان بووە، ئەمەش ڕاستە تاڕادەیەكی باش بواری ڕەخساندوە، بەڵام تا ئەو ئاستەی كە بوونێكی هەبێت نەك كێبركێی پیاوان بكات، نمونەشمان بۆ ئەوە لە گەڵ بڕیاری كۆتا بۆ ژنان گلەیی و گازندە لای پیاوان دەستی پێكرد وە بە ڕای زۆربەی ژنانی ناو پارتە سیاسیەكان پیاوان دوای بڕیاری كۆتا زیاتر لە پێش تر دژایەتیان دەكەن، ئەمەش هێندەی وابەستەی ئایدیاو دیدگای كۆمەڵگەیە بەرامبەر بەشداری و ڕۆڵی ژن، هێندە پەیوەست نیە بەسیاسەت و ستراتیژی حیزبەكان، لەلایەكی ترەوە نموونەی تری ئەو پەراوێز خستنە نەبوونی ژنە لە كۆبوونەوە و دانوستان و كاتی بڕیارە چارەنوسازەكاندا كەژن غیابە، ژن هێندەی تەوزیف بوە لەناو پارتەكاندا ئەوەندە تەفعیل نەكراوە، 8 كابینەی پێشوو ئەو ڕاستیەی بۆ سەلماندین كە لە دوا ساتەكاندا ژنێك دیاری دەكرا و هەر بەتەنهاش دەمایەوە تا خولەكە تەواو دەبوو. 

دەرهاویشتەو جێكەوتەی ئەمە نەك تەنها ئیرادەو باوەڕبوونی ژن بەخۆی لاوازدەكات، بەڵكو ناتوانرێت كار لەسەر ئەو ڕوئیاو دیدگایەی كۆمەڵگە بكرێت كە ژن دەتوانێت لەشوێنی هەستیاردا بێت و بڕیار بدات، لەكاتێكدا حیزب باڵادەستە لەوڵاتدا و دەتوانێت كاریگەر بێت لە گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و كلتوری و دیدگاكاندا و شت بكاتە مۆدیل، بەپێچەوانەشەوە كە دەبینین لاواز بەكار هێنان و لاواز پێدانی پێگە بەژن درێژە پێدەری ئەو بیركردنەوە نەریتیەی كۆمەڵگە دەبێت كە ژن لە چورچێوە كۆمەڵایەتیەكەدا دەبینیتەوە، لەلایەكی ترەوە هەر ئۆرگانێكی تەشریعی یان تەنفیزی لەوڵاتەدا بەرنامەو جێبەجێكاری پلان و پرۆژەیە بۆ كۆمەڵگە و ژنیش بەشدارە بە چەندین ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و ئیداری لەم وڵاتەدا، بوونی گرنگە لەو پلان و جیبەجیكردنەدا و غیابی ناكامڵی دەدات بە پلان و بڕیارەكان، لەڕووی سیاسیشەوە پاشەكشەو بەردەوام هەڵوەرینی ژن لە پارتە سیاسیەكان و باوەڕنەبوون بە دریژەپێدانی كاری سیاسی دەرهاویشتەی ئەو غیابەیە كە لە ئۆرگانەكانی سەرەوە وڵاتدا هەیە.

هەرچەندە من گلەیم لە خوودی ژن خۆشی هەیە ئەوەتا لەم كاتە هەستیارەی باس و خواسی كابینەی نوێ ژنان نابینرێت داواكاری مافی خۆی بێت یان بیكاتە باسێكی میدیای و فشار، یان ڕازی نەبێت بەو بارودۆخەی كە ئێستا هەیەتی، یان یاخی بوونێكی سیاسی بكات لە پارتەكەی یان داوای زیاتر لەوەبكات كە ئێستە پێیدراوە ئەمە وای كردوە كە ئەم كلتورە بەردەوام و خول دوای خول دوبارە بێتەوە.

بۆیە ئەگەر ئەم غیابە بەردەوام بێت، ڕەنگە ناچاربین پەنا بۆ داواكردنی كۆتاش بۆ ئۆرگانە تەنفیزیەكان وباڵاكانی وڵات بكەین، وە بەتایبەتی لەم كابینەی داهاتوو كە هەلومەرجی وڵات و بیركردنەوەی كۆمەڵگە جیاوازترە بۆ ژن و ساڵانیكی زۆرە ژن لە ئۆرگانە سیاسیەكان و پەرلەمان و حیزبە سیاسیەكاندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوە.