لە ماوەی سێ ڕۆژدا بۆ دووەمجار وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی زۆر توندی دیکەی ڕادەستکردووە و داوای لێکردووە دەستهەڵگرێت لەو کارە ئیستیفزازیانە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، عێراق بە توندترین شێوە ئیدانەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا دەکاتەوە کە پێشێلی سەروەریی وڵاتی کردووە و دەستی بە هێرش و بۆردومانەکانی کردووەتەوە لەناو سنوری نێودەوڵەتی عێراقدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە "لە کاتێکدا بە توندی ئێدانەی ئەو پێشێلکاریانە دەکەین کە پێچەوانەی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و جەختیش دەکەینەوە لە پێویستی پابەندبوونی لایەنی تورکی بە ڕاگرتنی بۆردومانەکانی و کشاندنەوەی هێزە دەستدرێژکارەکانی لە ناو خاکی عێراقدا بە تایبەت لە سەربازگەی بەعشیقە و شوێنەکانی دیکەش، کە ماوەی دوو ڕۆژە دەستی بە جوڵە کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە لەوەی کە تورکیا هۆکاری بووە بۆ زیادبوونی نائارامی لە ناوچەکە و سنورە هاوبەشەکانی هەردوولا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە بگەڕێتەوە بۆ زمانی لۆژیک و سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنێت، جگە لەوەش عێراق بە مافی خۆی دەزانێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەلاممەتی خاک و گەلەکەی و داواکردن لە ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانیش کە ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
ئەوهەڵوێستەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، تا ئێستا هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا نەبووە.