پێنج کەسی دیکە لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

  2020-06-18  | 
ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتە 68 کەس
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تائێستا لە شاری سلێمانی پێنج كەسی دیكە گیانیان لەدەستدا كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 68 كەس.


سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تائێستا پێنج كەس لە نەخۆشخانەکانی ئاسا و شەهید هێمن و شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و پێکهاتوون لە چوار پیاو یەک ژن.

روونیشكردەوە، ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان خەڵكی هەڵەبجەیە و یەكێكی دیكەشیان خەڵكی كەلارە و سێ كەسی دیكەش خەڵكی شاری سلێمانین.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە نێوان 50 تا 80 ساڵیدان و دوای مانەوەیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

گیان لەدەستدانی ئەو پێنج کەسە لەکاتێکدایە، کە تەنها دوێنی لە سنوری پارێزگای سلێمانی 12 کەس گیانیان لەدەستدا، 10 کەسیان لە ناو سلێمانی و دووانەکەی دیکەشیان لە ڕانیە و کەلار.

بە گیان لەدەستدانى ئەو پێنج کەسەش، ژمارەى مردووان بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان گەیشتە 80 كەس، لەو ژمارەیە 68 کەسیان لە سلێمانى و 12 کەسەکەى دیکەشیان لە هەولێرن.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیش تائێستا لە هەرێمى کوردستان (2,821) کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیە (80) کەسیان گیانیان لەدەستداوە، (1,127) تووشبووش چاکبوونەتەوە و (1,614) لەژێر چاودێری پزیشکیدان.


ڕیکلام