بە بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر سەرجەم مزگەوتەکان دادەخرێن و نوێژی بەکۆمەڵ و هەینییان تیا ئەنجام نادرێت و سەنتەرەکانی لەشجوانی و وەرزشی، مەلەوانگەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، باخچە و پارکە گشتییەکانە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو دادەخرێن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تاکو یەکی مانگی تەمموز نوێژی هەینی و بەکۆمەڵ لە سەرجەم مزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام نادرێن و مزگەوتەکان دادەخرێن .
ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، بە هەمان شێوە تاکو یەکی تەمموز لەدوای کاژێر 10:00ی شەو بۆ 05:00ی بەیانی سەرجەم بازاڕ و شوێنەکان دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانی هەینی بازاڕە میـلییەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە و پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دادەخرێن .
هاوکات ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا، بە داخستنی سەنتەرەکانی لەشجوانی و وەرزشی، مەلەوانگەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، باخچە و پارکە گشتییەکانە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو، هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات سزادەدرێت .
بڕیارەکانی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر لە کاتژێر 12:00ی ئەمشەوە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 1ی تەمموز کاریان پێدەکرێت .
بڕیارەکانی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پاریزگای هەولێر لە کاتێکدایە، ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکە رووی لە هەڵکشان کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا لە هەولێر 747 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 421یان چاکبوونەتەوە و 12 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە .