زاناکان لەڕێگەی هەنگەوە تووشبوانی کۆرۆنا ئاشکرا دەکەن

  2021-05-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توێژەرەوە هۆڵەندییەکان ئاشکرایانکرد، بە هەوڵەکانیان توانیویانە ڕاهێنان بە ژمارەیەک مێش هەنگ بکەن، کە خاوەنی هەستێکی بەهێزی بۆنکردنن، بۆ ئاشکراکردنی تووشبوانی کۆرۆنا.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ڕۆشنامەی واشنتۆن پۆست، (ویم ڤان دیر پۆل) مامۆستا لە زانکۆی (ڤاگینینیگین) کە سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە ڕایگەیاندووە، هەموو تاقیگەکان توانای ئەوەیان لەبەردەستدا نییە تاقیکردنەوە لەسەر کۆرۆنا بکەن بۆ ئاشکراکردنی کەیسەکان، بە تایبەت لە وڵاتە هەژارەکان، بەڵام هەنگ لە هەموو شوێنک هەیە و بەردەستە.

زاناکان لەڕێگەی بەکارهێنانی بیردۆزەکەی باڤلۆڤ بۆ خۆگونجاندن و راهاتن، توانیویانە ڕاهێنان بە نزیکەی ١٥٠ هەنگ بکەن، بەشێوەیەک زاناکان لە بەرامبەر نیشاندانی نموونەی تووشبووی کۆرۆنادا شەکراویان وەک پاداشت داوە بە هەنگەکان، لە بەرامبەریشدا هەنگەکان بێبەشکراون لەو پاداشتە، دوای ئەوەی نموونەی تووشنەبوویان بە کۆرۆنا نیشاندراوە.

زانکۆکە ئاماژەی بەوەشکردووەن تا ئیستاش تاقیکردنەوەکان بەردەوامن، بەڵام زاناکان دەڵێن ڕێژەی دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە ٩٥% بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجیان لەو کارە سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە دەتوانریت ڕاهێنان بە هەنگ بکرێت بۆ ئەو کارە، لەو بابەتەش سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و لەکارکردنیش بەردەوام دەبن تا بزانن ئاستی سەرکەوتنی کارەکەیان تا چەندێکە.

بیرۆکەی توێژینەوەکە لە لایەن دامەزراوەی  InsectSense هۆڵەندی تایبەت بە گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای زیندەوەرەکان پێشکەشکراوە، کە پێشتر هەنگی بەکارهێناوە بۆ ئاشکراکردنی کانزا بەنرخەکان و مینی ژێر زەوی.



ڕیکلام