جەمال كۆچەر بۆ ژیان: توركیا و عێراق پلانێكی ستراتیژییان بۆ لاوازكردنی هەرێم داناوە

  2020-06-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، توركیا و عێراق پلانێكی ستراتیژییان بۆ لاوازكردنی هەرێم داناوە، دەشڵێت ئەردۆغان پیشتر بەڵێنی ئەوەیداوە كە هەرێمی كوردستان لاواز بكات.

جەمال كۆچەر بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند مەترسیی هەیە ئەم هێرشانەی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی هەرێم، بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حكومەتی عێراق.

وتیشی پێشتر ئەردۆغان بەڵێنی بە عادل عەبدولمەهدی دابوو ئەگەر عێراق سكاڵا نێودەوڵەتییەكانی كە لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم لە ئەنقەرەی كردووە ڕابوەستێنێت، ئەوا من هەرێمی كوردستان لاواز دەكەم.

ئاشكراشیكرد، بەپێی ڕێككەوتنەكەی توركیا و عێراق، هێڵێكی ستراتیژی دروست دەكرێت لە فاوەوە بۆ سێگۆشەی نێوان (عێراق-سوریا-توركیا) و لەوێوە داخڵی توركیا دەبێت، كە پێكهاتووە لە بۆری گاز و ئاو كە دەبێتە هێڵێكی نێودەوڵەتی.

جەمال كۆچەر دەشڵێت، ئەو هێڵە بڕیاری لێدراوە و پارەشی بۆ تەرخانكراوە، هەر بۆیە ئێمە ترسمان هەیە ئەم هێرشانە بەشێك بێت لەو هاوكێشەیە، ئەگەر وا نەبێت بۆچی بەغدا بێدەنگە، بۆچی هیچ هەڵوێستێك وەرناگرێت، بۆچی داوا ناكات پەرلەمان كۆببێتەوە، بۆچی هیچ هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرای نییە.


ڕیکلام