بەشیر حەداد ڕەتیدەکاتەوە لەبارەی بۆردومانەکانەوە داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان کرابێت

  2020-06-20  | 
عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕەتیدەکاتەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد داوای کۆبوونەوەی نائاساییان کردبێت، لەبارەی بۆردومانەکانی تورکیاوە و دەڵێت، هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە پێشکەش نەکراوە .

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد ڕایگەیاندووە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، درۆیەکی شاخداری هەڵبەستووە و ئاماژەی بەوەکردووە گوایە ئەوان وەکو ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر بۆردومانەکە بکات .

وتیشی، قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە سەرلەبەری دوورە لە ڕاستی و بەهیچ شێویەک و لەلایەن هیچ پەرلەمانتارێکەوە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە .

هەروەها نوسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشکرد، بە مافی خۆیانی دەزانن ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرنەبەر و داوای یاسایی لەسەر تۆماربکەن، چونکە ئەوە چەندەمین جارە درۆ و قسەی ناڕاست بە دەمی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە هەڵدەبەستێت .

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە دوای ئەوە دێت، کە دوێنی غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، مەلا بەشیر نەیهێشت پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی لەسەر هێرشەکانی تورکیا ئەنجام بدات .



ڕیکلام