نوسینگەی کازمی: کاردەکەین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشوو لەگەڵ هەرێم بە گوێرەی دەستور

  2020-06-20  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی چەند دۆسییەکیان تاوتوێکردووە و کاردەکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستور.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم  بڵاویکردەوە تیایدا هاتووە "کازمی ئەمڕۆ پێشوازی کردووە لە بارزانی و لە دیدارەکەدا چەند دۆسیەیەکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم تاوتوێ کراوە و کاردەکرێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشوو بە گوێرەی دەستور، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی وڵاتەکەی تێدا بێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڕێگری و کێشەکانی ئێستا کە بەرۆکی هەموو پارێزگاکانی گرتووە".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکاندا جەختکراوەتەوە لەوەی ئەو ڕێگرییانەی ئێستا پێویستی بە هاوکاری  هەموو لایەک هەیە بۆ ئەوەی وڵات بخرێتە سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی، لە پێناو بنیاتنانی عێراقێکی ئارام و ئاسایش و یەکگرتوودا.

هەر بە گوێرەی بەیاننامەکە کازمی جەحتکردووەتەوە لە بایەخی هەماهەهەنگی و هاوکاریی نیشتیمانی لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو بەربەست و ڕێگریانەی کە هاتوونەتە پێش، بە تایبەت قەیرانی کۆرۆنا ، کە بووەتە هۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.

ئەمڕۆ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی موچەی فەرمانبەران لە بەغداوە، بڕیاریشە لەگەڵ ژمارەیەک لێپرسراوی دیکەی عێراق کۆبێتەوە.



ڕیکلام