رێبوار کەریم: ئەگەر حکومەتی هەرێم ئامادە نەبێت نەوت رادەستی بەغدا بکات دەڕوخێت

  2020-06-22  | 
سلێمانی
رێبوار کەرێم پەرلەمانتاری عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبێت نەوت و داهات رادەستی بەغدا بکات دەڕوخێت.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، رێبوار کەرێم پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەموو رێگایەکیان تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە بڕیاریانداوە لە رێگەی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆران بۆ بەغدا کێشەکە چارەسەر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم-یان بۆ بەغدا بە نووسراوێکی  فەرمی و وەک پڕۆژەیەک رادەستی هەر دوو لایەنی حکومەتی عێراق و هەرێم کردووە.

ئاشکراشیکرد، جگە لە پارتی هیچ لایەنێک راینەگەیاندووە کە رێگرە لەبەردەم گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا.

رێبوار کەریم راشیگەیاند، هەرێم نایەوەت نەوت رادەستی بەغدا بکات و دەیەوێت داهاتی نەوت تەسلیم بکات و ئەوەش دوو شتی جیاوازن کە بەغدا قبوڵی ناکات.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم ئامادە نەبێت نەوت و داهات رادەستی بەغدا بکات دەڕوخێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم  لە پارەی نەوتی مانگی پێنجی ئەمساڵ، کە بڕی ٣١٢ ملیۆن دۆلار بووە، تەنها ٨٦ ملیۆنی بۆ ماوەتەوە و ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات، بۆیە باشترین رێگە گەڕاندنەوەی نەوت و داهاتەکەیەتی بۆ بەغدا و بەوشێوەیە دەتوانن کار ئاسانی بکەن بۆ ئەوەی مەترسییەکانی داهاتووی سەر هەرێم کەمبکەنەوە.

سەبارەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦، رێبوار کەریم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم گەنمی دەرەوی هێناوە و بە نرخێکی هەرزان رادەستی بەغدا کردووە، ئەوەش فێلکردنە لە بەغدا و بەرپرسانی پەیوەندیدار بەو فێڵەیان زانیوە بۆیە قبوڵی ناکەن و دەڵێن تەزویری تیاکراوە.

وتیشی پارە گەنمی جوتیارانی هەرێم حازرە، بەڵام بلۆک کراوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، خەڵکی هەرێم ناڕازییە و با دەسەڵاتدارانی هەرێم بزانن کە هەرچی حکومەتە دیکتاتۆرەکان بوون رووخاون.



ڕیکلام