پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی٦ی٢٠٢٠، لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویداوە و بەوهۆیەشەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوڵاتیەی گیانی لەدەستداوە لە رەگەزی مێ بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەستبەجێ پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەو دوو بنەماڵەیە رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانیش بوونەتەوە و شەڕ لە نێوانیان دروستبووە.
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، دوای چەند خولەکێک هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و چەند کەسیشیان لە شەڕکەرەکان دەستگیرکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، شەڕەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژ پێش ئێستا و لەناو شاری هەولێر، لەسەر یاری کۆنکەن شەڕ لە نێوان چەند گەنجێکدا روویدا و بەوهۆیەشەوە سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.