نرخی نەوت لە 70 دۆلار نزیکدەبێتەوە

  2021-05-18  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەراورد بە دوێنێ دووشەممە، نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ٥ی ٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٩ دۆلار و ٦٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٦ دۆلار و ٤٨ سەنت دیاریکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردووش نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ ئەم ئاستە بەرزبووەوە، بەڵام دواتر دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٦٢ دۆلار دابەزی.

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە .

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.



ڕیکلام